دوای هەڕەشەکانی ترەمپ خامنەیی بەڵێن دەدات وەڵامێکی توند بداتەوە

ئەمڕۆ دووشەممە، 31ـی ئاداری 2025، عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران بەڵێنی دا وەڵامی یەکلاکەرەوە بداتەوە بۆ هەر هێرشێک بۆ سەر وڵاتەکەی، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا هەڕەشەی کرد لە ئێران دەدات ئەگەر ڕێککەوتن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی نەکات.

خامنەیی لە وتاری جەژنی ڕەمەزاندا بە ئاماژەدان بە ترەمپ گوتی: هەڕەشەی هێرش دەکەن، ئەگەر ئەوە ڕووبدات، بە دڵنیاییەوە وەڵامێکی توند لە ئێرانەوە وەردەگرن.

خامنەیی گوتیشی: چاوەڕوانی هیچ دەستدرێژییەکی دەرەکی لە دژی ئێمە ناکەین، بەڵام ئەگەر ڕووبدات، بە گورزێکی توند و بەهێز وەڵامی دەدەینەوە.

لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی: ئەگەر بیر لەوە بکەنەوە لە ناوخۆدا فیتنە دروست بکەن، گەلی ئێران وەک ڕابردوو وەڵامیان دەداتەوە.

ڕوونیشی کردەوە: هەڵوێستمان وەک جاران ماوە ئیسرائیل و ئەمەریکا دوژمنی ئێمەن.

لە بەیاننامەیەکدا، ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران هۆشداریی داوە بە "هەموو ئەو وڵاتانەی  مامەڵەی هەڵەیان کردووە، هەر هەڕەشەیەک یان دەستدرێژی، شەڕ، یان پێشێلکردنی یەکپارچەیی خاکی ئێران بە هێز و هێرش ڕووبەڕووی دەبنەوە".

لە بەیاننامەکەدا ڕوونی کردووەتەوە، هێزە چەکدارەکانی ئێران بە هەموو توانایانەوە ئامادەن بەرگریی لە خاک و پرەنسیپەکانی خۆیان بکەن.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا هەڕەشەی بۆمبارانکردنی ئێرانی کردبوو، ئەگەر تاران ڕێککەوتنێک لەگەڵ واشنتن نەکات و چەکی ئەتۆمی دروست بکات.

لە میانی چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی نیوز، ترەمپ هەڕەشەی بۆمبارانکردنی ئێرانی کرد و باجی لاوەکی بەسەر ئێراندا سەپاند ئەگەر لەگەڵ ئەمەریکا نەگەیشتە ڕێککەوتن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە چەکی ئەتۆمی دروست ناکات.

ترەمپ سەبارەت بە ئێران گوتی: ئەگەر ڕێککەوتنێک نەکەن، شەڕ ڕوودەدات، شەڕێک دەبێت پێشتر نەتبینیوە.

ترەمپ ڕوونی کردەوە کە "گفتوگۆ لە نێوان بەرپرسانی ئەمەریکا و ئێرانی بەڕێوە دەچێت".

 
Fly Erbil Advertisment