لە بوومەلەرزەکەی میانمار 700 نوێژخوێن گیانیان سپاردووە

ڕێکخراوێکی ئیسلامی لە میانمار ئەمڕۆ دووشەممە، 31ـی ئاداری 2025، ڕایگەیاند "بەهۆی بومەلەرزەکەی ڕۆژی هەینی 28ـی ئادار، زیاتر لە 700 نوێژخوێن لە مزگەوتەکان بەهۆی بومەلەرزەکەوە گیانیان سپاردووە."
بەهۆی بوومەلەرزەکەوە چەندان باڵەخانە و ڕێگاوبان و خانوو داڕماون لە نایپیداوی پایتەختی ئەو وڵاتە، هاوکات دانیشتوانی چینیش هەستیان بە لەرزینەکە کردووە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی جیۆلۆجی ئەمەریکی، ناوەندەکەی دەکەوێتە 16 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای شاری ساگاینگ بە قوڵایی 10 کیلۆمەتر، هەروەها دوای 12 خولەک لە یەکەم بوومەلەرزە، بوومەلەرزەیەکی دیکە لە میانمار ڕوویداوە بە پلەی 6.4 پلە.
دەسەڵاتی سەربازیی میانمار ئەمڕۆ ڕایانگەیاند، ژمارەی کوژراوان بەرزبوەتەوە بۆ هەزار و 700 کەس و سێ هەزار و 400 کەسی دیکەش بریندارن و زیاتر لە 300 کەسیش بێسەروشوێنن.
حکوومەتی میانمار ئەو بوومەلەرزە بە یەکێکە لە بەهێزترین بومەلەرزە لە ماوەی 100 ساڵی ڕابردوودا کە ڕووی لەو وڵاتە کردبێت دادەنێت.
میدیاکانی دەوڵەت لە زاری جەنەڕاڵێکی باڵای ویلایەتی جونتا مین ئاونگ هیلینگەوە بڵاویانکردەوە، ئەگەری زۆرە ژمارەی کوژراوان بەرزتر بێتەوە و هەروەها ئیدارەکەی ڕووبەڕووی دۆخێکی سەخت بووەتەوە، لەگەڵ ئەوەش دا، بانگەوازی بۆ یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان کردووە. هیندستان، چین و تایلەند لەنێو ئەو وڵاتانەی دراوسێیانەدان کە پێداویستی فریاگوزاری و تیمی فریاگوزارییان ناردووە، لەگەڵ هاوکاریی و کارمەندانی مالیزیا، سەنگافورە و ڕووسیا.