زێلێنسکی داوا لە ئەمەریکا دەکات سزاکانی سەر ڕووسیا هەڵنەگرێت

سەرۆکی ئۆکرانیا دووپاتی کردەوە، ڕۆژانە بەڵگەی پێشەلکارییەکانی ڕووسیا لەبارەی ئاگربەست دەداتە ئەمەریکا و داواشی لەو وڵاتەکە کرد سزای سەر ڕووسیا هەڵنگرێت و بەڵکو سزاکان توندتر بکات.
سێشەممە 1ـی نیسانی 2025، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ ئالینا بێربووک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، گوتی: کیێڤ ئامادەیە بۆ ئاگربەستێکی بێ مەرج. جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی پێشتر لە ڕێگەی هەنگاوی کردەییەوە خواستی خۆی بۆ ئەو کارە نیشانداوە.
لەبارەی سزاکانی سەر ڕووسیا، زێلێنسکی داوا لە ئەمەریکا دەکات سزاکانی سەر ڕووسیا هەڵنەگرێت بەڵکو توندتری بکات.
هەر لە کۆنگرەکەدا، باسی لە ڕێککەوتنی کانزا دەگمەنەکان کرد و ڕوونی کردەوە، تیمێکی یاسایی ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکەن و لەو زووانە پێشکەشی ئەمەریکا دەکرێت.
زێلێنسکی لەبارەی دیدارێکی داهاتووی لەگەڵ کۆمەڵێک وڵات ڕاگەیاند: کۆمەڵێک وڵات ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ ناردنی سەرباز بۆ ئۆکرانیا لەپێناو جێگیرکردنی فیرقەیەکی سەربازیی بیانی لە وڵاتەکەدا.
ئاماژەی بەوەش کرد، ڕۆژی هەینی لەگەڵ نوێنەرانی ئەو وڵاتەنە کۆدەبێتەوە کە ئامادەن بەشداریی لە پێکهێنانی فیرقەیەکی سەربازیی بیانی بۆ ئۆکرانیا بکەن.
زێلێنسکی سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، چاوەڕوانی وەڵامی "کۆنکرێتی"ـی هاوپەیمانانی کیێڤ دەکات سەبارەت بە ئامادەیی ئەوان بۆ بەشداریکردن لە هێزێکی لەو شێوەیەدا.
ئەمەش لە کاتێکدایە ئەم دەسپێشخەرییەی کیێڤ بۆ دامەزراندنی فیرقەیەکی سەربازیی بیانی لە وڵاتەکەدا، وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی ئاگربەستدا، لەلایەن ڕووسیاوە بە توندی دژایەتی کراوە و ڕەت کراوەتەوە.