سێنتکۆم: هێرشەکانمان بۆ سەر حووسییەکان بەردەوامە

سوپای ئەمەریکا درەنگانی ڕۆژی شەممە درێژەی بە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر حووسییەکان لە یەمەن ڕاگەیاند. هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بە بەڵگەی یەکێک لە هێرشە ئاسمانییەکان بڵاو کردەوە.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا "سێنتکۆم" لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پشتڕاستی کردەوە، هەڵمەتەکانمان دژی حووسییەکان بە درێژایی کات بەردەوامە.

ئاماژەی بەوەش کردووە "ئەندامانی خزمەتگوزارییە دڵسۆزەکانمان لە گرووپی هاری ئێس ترومان، هێرشی بەردەوام و 24 کاتژمێریی دەکەنە سەر حووسییەکان."

ترەمپ لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس تویتێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکا بۆ سەر حووسییەکان نیشان دەدات کە پلان بۆ هێرشکردنە سەر کەشتی فڕۆکەهەڵگری هاری ئێس ترومان دەکەن.

ترەمپ لە تویتێکدا نووسیویەتی: ئەم حووسییانە کۆبوونەتەوە بۆ وەرگرتنی ڕێنمایی بۆ هێرشکردنە سەر سەربازانمان لە کەشتی فڕۆکە هەڵگری هاری ئێس ترومان، ببورن هیچ هێرشێک لەلایەن ئەم حووسییەکانەوە ڕوو نادات! جارێکی دیکە هەرگیز کەشتییەکانمان نوقم ناکەن".

ترەمپ پێشتر دووپاتی کردەوە، هێرش بۆ سەر حووسییەکان بەردەوام دەبێت تا ئەوکاتەی چیتر مەترسی لەسەر ئازادیی کەشتیوانی دروست نەکەن.

ترەمپ لە پۆستی تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیال"یش  دەڵێت: هەڵبژاردنی بەردەم حووسییەکان ڕوونە: واز لە پەلاماردانی کەشتییە ئەمەریکییەکان بێنن، ئێمەش واز لە لێدانی ئێوە دەهێنین. ئەگەرنا ئێمە تازە دەست پێ دەکەین، هەم بۆ حووسییەکان و هەم بۆ سەرکردەکانیان لە ئێران.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە دا، زۆرێک لە چەکدارە حووسییەکان و سەرکردەکانیان لەناوچوون. لای خۆیەوە کۆشکی سپی ڕایگەیاند "لە هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر یەمەن، شارەزایەکی دیاری مووشەکی حووسییەکان کوژراون."

ترەمپ گوتیشی: شەو و ڕۆژ لێیان دەدەین، بە قورسترین شێوە. تواناکانیان هەڕەشە لە کەشتیوانی و ناوچەکە دەکەن، بەڵام بە خێرایی لەناو دەچن. هێرشەکانمان بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی هەڕەشەکانیان بۆ سەر ئازادی کەشتیوانی نامێنێت.

لە ناوەڕاستی مانگی ئاداری ئەمساڵدا، ئەمەریکا دەستی کرد بە هێرشی ئاسمانی بۆسەر پێگەی حووسییەکان لە یەمەن، ئەمەش دوای هێرشەکانیان بۆ سەر هێڵەکانی کەشتیوانی لە دەریای سوور.

پنتاگۆن ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند "پێت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا فەرمانی ناردنی فڕۆکەی جەنگیی دیکەی دەرکرد بۆ بەهێزکردنی هێزی دەریایی پنتاگۆن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش لە کاتێکدایە هەڵمەتەکانی دژی حووسییەکان و پەرەسەندنی گرژییەکان لەگەڵ ئێران لە زیاد بووندایە.

شۆن پارنێل، گوتەبێژی پنتاگۆن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەگەر ئێران یان بریکارەکانی هەڕەشە لە کارمەندان و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا بکەن، ئەمەریکا هەنگاوی یەکلاکەرەوە بۆ بەرگریی لە گەلەکەمان دەگرێتەبەر.

ئەم هەڵمەتانە کە گەورەترین ئۆپەراسۆنی سەربازی ئەمەریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای دەستبەکاربوونی ترەمپ لە مانگی یەکدا، ئامانجیان ناچارکردنی حووسییەکانی هاوپەیمانی ئێرانە بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتیوانی لە دەریای سوور، هەروەها کەشتییە جەنگییەکانی ئەمەریکا.

ئەو گرووپە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ حەماس لە کۆتاییەکانی ساڵی 2023 زیاتر لە 100 هێرشی بۆ سەر کەشتییە بارهەڵگرەکان کردووە.

هێرشەکان کاریگەرییان لەسەر بازرگانی جیهانی هەبوو و بووە هۆی ئەوەی سوپای ئەمەریکا هەڵمەتێکی تێچووی زۆری بۆ ڕێگریکردن لە مووشەکەکان دەست پێ بکات.

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment