قوباد تاڵەبانی: چەندین داهێنان کراوە و ساڵانی داهاتوو بەرهەمەکەی دەبینین

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: لە 2014ـەوە هەرێمی کوردستان ڕووبەرووی زیاتر لە هەزار و یەک کێشە بووەتەوە، بەڵام بە سوود وەرگرتن لە توانای ناوخۆیی و بە هەمەجۆرکردنی سەرچاوە ئابوورییەکان، توانیمان داهێنان بکەین بەسەر ئاڵنگارییەکان زاڵ بین.
قوباد تاڵەبانی، لە گوتارێکدا لە دووەمین کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی داهێنان و کارسازی لە سلێمانی گوتی: هەمیشە دەبێت بیر لەوە بکەینەوە چ داهێنانێکمان هەبێت بۆ ئەوەی لە هەموو بوارەکاندا سبەی لە دوێنێمان باشتر بێت.
گوتیشی: لەوەتەی من جێگری سەرۆکی حکوومەتم، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی چەندین کێشە بووەتەوە، بەڵام بە داهێنان توانیومانە کێشەی زۆر ئاڵۆز چارە بکەین، لەوانە لە 2014ـەوە بودجەی هەرێمی کوردستان بڕدرا، ڕووبەڕووی شەڕی داعش بووینەوە، دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بە هاتنی لێشاوی ئاوارەی ناوەڕاست و باشووری عێراق و پەنابەرانی سووریا بە ڕێژەی نزیکەی 30% زیادی کرد.
هەروەها ئاماژەی دا، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی هەزار و یەک کێشە بوویەوە، سەرەتاش کێشەی مووچە لەو سەردەمە دەستی پێ کرد، لە پێدانی مووچە، کێشەیەکی زۆر گەورەمان هەبوو، چونکە نەماندەزانی مووچە بە کێ دەدرێت و هیچ لیستێکی دروستی مووچەخۆرانمان نەبووە، هەربۆیە لە ڕێگەی داهێنانەوە دەستمان کرد بە بایۆمەتری مووچەخۆران و لە شەش مانگدا یەک ملیۆن و 200 هەزار کەسمان تۆمار کرد. کۆڵمان نەدا و بە سوود وەرگرتن لە توانای خۆماڵی توانیمان سیستەمێک پەیڕەو بکەین کە ئەمڕۆ بەرهەمەکەی دەبینین.
جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: ئێستا تۆماری بایۆمەتری بووەتە بنەمای لیستی مووچەخۆران، ئەمەش داهێنان بوو لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، جیا لەمەش چەندین داهێنانی دیکە کراوە و دڵنیاتان دەکەمەوە لە ساڵانی داهاتوودا بەرهەمەکەی دەبینین.