فەرمانبەرانی وەزارەتێکی دیکەی عێراق خۆپیشاندان دەکەن

سەرچاوەیەک ڕایگەیاند، لیژنە هەماهەنگییەکانی فەرمانبەرانی وەزارەتی گەشتوگوزار و شوێنەوار، خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ڕێکخستنی خۆپیشاندانێکی گەورە لە بەغدا.

سەرچاوەیەک بەبێ ناوی ئاشکرا بکات، بە میدیای ناوخۆیی ڕاگەیاندووە، خۆپیشاندانی فەرمانبەرانی وەزارەتی گەشتوگوزار کە بریارە لەم هەفتەیە بەڕێوە بچێت، بۆ زیادکردنی مووچەکانیانە، هاوشێوەی فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە و مامۆستایان، کە دوینێ یەکشەممە بەڕێوە چوو.

سەرچاوەکە گوتیشی: فەرمانبەرانی وەزارەتی گەشتوگوزار و شوێنەوارەکان، هەڕەشەی مانگرتنی گشتییان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی شوێنەوارەکانی پارێزگاکان کردووە، کە چیتر دەوام ناکەن ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، دەستەی هەماهەنگیی شوێنەوارناسانی عێراق ڕاگەیەندراوێکیان  ئاراستەی سەرۆکایەتیی کۆمار، دیوانی سەرۆکی حکوومەت، ئەنجوومەنی نوێنەران، وەزارەتەکانی ڕۆشنبیری و شوێنەوارەکان و لیژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمان کرد و تیشکیان خستە سەر دۆخی سەختی ئابووری و پیشەیی شوێنەوارناسانی عێراقی، هۆشداریشیان داوە لە بەردەوامیی پەراوێزخستنی ئەو پیشەگەرانە، کە ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە پاراستنی میراتی ڕۆشنبیری وڵاتدا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بە تێکچوونی باری ژیانی ئەو شوێنەوارناسانە کراوە، بەهۆی کەمیی مووچە، کە لەگەڵ سروشتی کارەکانیاندا ناگونجێت، ئەمەش بووەتە هۆی کۆچکردنی زۆرێک لە کرێکارانی لێهاتوو بۆ وەزارەتەکانی دیکە. هاوکات شوێنەوارناسانی عێراقی لە ژینگە سەختەکاندا کار دەکەن و تووشی مەترسی جۆراوجۆر دەبن، دیارترینیان بەکارهێنانی ماددە کیمیاییەکان کە ڕەنگە تیشکدەر بن یان پیسکەر بن، هەروەها برینداربوون لە کاتی چاککردنەوە و کاری هەڵکەندن، بەڵگەنامەکردنی باڵەخانە وێرانەکان، هەروەها بەکارهێنانی ئەو ئامێر و کەرەستانەی کە ڕەنگە ببنە هۆی نەخۆشییەکانی پێست و هەناسەدان.

سەرەڕای ئەم ئالنگارییانە، دەستەکە جەختی کردەوە کە شوێنەوارناسان هیچ سوودێکی پیشەیی یان دەرماڵەی مەترسی وەرناگرن، ئەمەش وایکردووە کۆمەڵێک داواکاری بخەنەڕوو، دیارترینیان:
-پەسەندکردنی دەرماڵەی مەترسی و پیشەیی لە ژێر دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیران.

-باشترکردنی ئاستی ژیانی شوێنەوارناس و ستافی پاڵپشت بەگوێرەی بڕوانامەی ئەکادیمی و ئەرکە مەیدانییەکانیان.

-تەرخانکردنی زەویی نیشتەجێبوون و قەرزی درێژخایەن، وەک ئەوەی بۆ فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی دیکەدا هەیە، ئاماژە بەوە دەکەن کە شوێنەوارناسەکان لە ساڵانی 1950ەوە زەویان بەسەردا دابەش نەکراوە.

دوێنێ یەکشەممە، 6ـی نیسانی 2025، لیژنەی هەماهەنگیی مانگرتنی مامۆستایانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایان کرد، بە مەبەستی جێبەجێکردنی چەند داواکارییەک، مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی سەر بەوەزارەتی پەروەردەی عێراق لە سەرجەم پارێزگاکان بەڕێوە دەچێت.

فەرمانبەران و مامۆستایانی میلاکی وەزارەتی پەروەردەی عێراق داوای زیاد کردنی مووچە و شایستە داراییەکانیان دەکەن، لەگەڵ پێدانی چەند مافێکی دیکە. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی لیژنەی هەماهەنگیی مانگرتن، مووچەخۆرانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە لە زۆر بواردا ستەمیان لێ دەکرێت و مافەکانیان پێشێل دەکرێت، هەربۆیە بڕیاری مانگرتن و بایکۆتی دەوامیان داوە.

 لە داواکارییەکانیاندا هاتووە "دەبێت یاسای خزمەتی پەروەردەیی لەگەڵ خزمەتی زانکۆیی لە ڕووی مووچە و دەرماڵە و شایستە داراییەکانیان هاوتا بکرێن کە دەرماڵەکانی بڕوانامە و ناونیشانی زانستی، هاتوچۆ، هاوسەرگیری و منداڵ، دەگرێتەوە."

 
Fly Erbil Advertisment