پزیشکیان: خامنەیی دانووستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتن قبووڵ ناکات

سەرۆک کۆماری ئێران دەڵێت: ئێمە بە دوای ئاشتیدا دەگەڕێین و هەرگیز هەوڵمان نەداوە بۆمبی ئەتۆمیمان هەبێت. دووپاتی کردەوە، کە خامنەیی دانووستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتن قبووڵ ناکات.
چوارشەممە 9ـی نیسانی 2025، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی نیشتمانیی تەکنۆلۆجیای ناوەکیدا، گوتی: وڵاتەکەمان هەرگیز هەوڵی نەداوە بۆمبی ئەتۆمی هەبێت، نامانەوێت نە ئێستا هەمان بێت نە داهاتوو.
باسی لەوەش کردەوە، ئێران هەمیشە بە دوای ئاشتیدا دەگەڕێت، لەو چوارچێوەیەشدا ئامادەیە پێشوازیی لە وەبەرهێنەرانی ئەمەریکی و هەموو وڵاتێکی دیکە بکات.
لەبارەی دانووستانی ڕۆژی شەممەی داهاتوو لەگەڵ ئەمەریکا، پزیشکیان گوتی: ئێمە بۆ دانووستان ئامادەین، بەڵام بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ نا، بەڵکو بە ناڕاستەوخۆ.
هاوکات ڕوونی کردەوە، کە وەزیری دەرەوەی ئێران بە پشت بەستن بە ڕێنماییەکانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای وڵاتەکە، دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ نوێنەرانی ئەمەریکا لە عومان ئەنجام دەدات، بەڵام ڕێبەری باڵای وڵاتەکەمان هەرگیز دانووستانی ڕاستەوخۆ قبووڵ ناکات.
لە درێژەی قسەکانیدا، ئەوەشی خستەڕوو، هەرگیز پیلانگێڕی و سیاسەتی تێکدەرانە و دەستوەردانی دەرەکی لە وڵاتەکەمان قبووڵ ناکەین.
هەر ئەمڕۆ، ڕۆژنامەی واشنتن پۆست لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکییەوە بڵاوی کردەوە، تیمەکەی ستیڤ ویتکۆف کە نوێنەرایەتیی حکوومەتی ئەمەریکا دەکەن بۆ دانووستان لەگەڵ ئێران، لە ڕێگەی عومانەوە پەیامیان بۆ ئێران ناردووە و داوای دانووستانی ڕاستەوخۆیان کردووە.
ئەو بەرپرسە ئەمەریکاییە دەشڵێت: ئەگەر دانووستانەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ نەبن، ڕەنگە ویتکۆف بڕیار بدات گەشت بۆ عومان نەکات.
هاوکات گوتیشی: ئێمە پێویستمان بە لێکگەیشتن و وتووێژی هەمەلایەنە هەیە و قبووڵ ناکەین ئێرانییەکان فریوومان بدەن.
بەرپرسە ئەمەریکاییەکە ئەوەشی خستەڕوو، ستیڤ ویتکۆف ئامادەیە سەردانی تاران بکات ئەگەر بانگهێشتنامەیەکی فەرمی پێ بگات.