ئەکسیۆس: ئێران تاوتوێی پێشنیارێکی نوێ دەکات پێش ڕێککەوتنی لەگەڵ ئەمەریکا

بە گوێرەی ماڵپەڕی ئەکسیۆس، ئێران لە میانەی دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمەریکا کە بڕیارە سبەی شەممە  لە عومان بەڕێوە بچێت، تاوتوێی پێشنیارێک بۆ ڕێککەوتنی کاتی دەکات، پێش درێژەدان بە دانوستانەکانی.

هەینی، 11ـی نیسانی 2025، ماڵپەڕی ئاکسیۆس لە زاری دیپلۆماتکارێکی ئەوروپی و سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاندوو: ئێرانییەکان پێیان وایە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی لەم شێوەیە وەک ئەوەی کۆشکی سپی دەیەوێت، کارێکی قورسە و ئەوان دەیانەوێت کاتێکی زیاتر بەدەست بهێنن بۆ ڕاگرتنی پەرەسەندەکانی چەکی ئەتۆمی.

لەلای خۆیەوە عەلی فایز، بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئێران لە گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت: ئێرانییەکان پێیان وایە کە ڕێککەوتنێکی بەردەوام لە چوارچێوەی ئەو ماوەیەی سەرۆک ئەمەریکا دیاریی کردووە، کاتی زۆری پێویستە. "بۆیە ڕەنگە پێویست بێت سەرەتا ڕێککەوتنێکی کاتی بکرێت وەک ئامادەکارییەک بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی."

وەک ئەو ماڵپەڕە باسی کردووە، ڕێککەوتنی کاتی دەکرێت داواکاری ئێرانیش لەخۆ بگرێت بۆ ڕاگرتنی سیاسەتی "زۆرترین گوشار"ی واشنتۆن بۆ سەر ئابووری ئێران.

هەر دوێنێ پێنجشەممە، 10ـی نیسانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەگەر لە دانووستان نەگەینە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران، ئەوا کردەی سەربازی دژی ئێران بەتەواوی دەگرینەبەر.

دەشڵێت: ئەگەر دەستوەردانی سەربازیی پێویست بێت، دەستوەردانی سەربازی دەکەین، بۆ ئەو مەبەستەش ئیسرائیل بەشداریی لەم کارەدا دەکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، کاتی پێویست نییە، بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.

ئەم لێدوانەی ترەمپ لەکاتێک دایە، بڕیارە سبەی شەممە بەرپرسانی ئەمەریکا و ئێران لە عومان کۆببنەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا ڕایگەیاند دانوستانەکان "ڕاستەوخۆ" دەبن، لە کاتێکدا تاران دەڵێت: دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمەریکا بە "ناڕاستەوخۆ" دەبێت.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment