لەدوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، زیاتر لە ملیۆنێک و 400 هەزار سووری گەڕاونەتەوە شوێنەکانیان

ئەمڕۆ شەممە، 12ـی نیسانی 2025، کۆمیساریی باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەدەوە، نزیکەی 400 هەزار پەنابەرانی سووری لە وڵاتانی دراوسێوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکە.

کۆمیسیار ئەوەشی خستەڕوو، لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارە ناوخۆییەکان گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان، بەمەش کۆی ژمارەی گەڕاوەکان گەیشتووەتە زیاتر لە ملیۆنێک و 400 هەزار کەس.

لە ڕاپۆرتەکەدا هۆشداری دراوە "بەپێی خەملاندنەکان، دەبێت ئەمساڵ ملیۆنێک و 500 هەزار پەنابەری سووری بگەڕێنەوە شوێنەکانیان، بەڵام ڕەنگە ئەمە ڕوو نەدا، چونکە هەندێک لە ئاوارە و پەنابەرەکان، جارێکی دیکە ناچار بکرێن ماڵەکانیان جێبهێڵن ئەگەر هاوکاریی دارایی نەکرێن.

ڕێکخراوەکەی سەر بەنەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش کردووە، نزیکەی 16.7 ملیۆن کەس لە ناوخۆی سووریا کە دەکاتە نزیکەی 90%ی دانیشتووان، پێویستیان بە جۆرێک لە هاوکاریی مرۆیی هەیە، لە کاتێکدا زیاتر لە 7.4 ملیۆن کەس لە ئاوارەی ناوخۆییدان.

ڕێکخراوی 'یو ئێن ئێچ سی ئار'  ئۆپەراسیۆنێکی هاوکاریی بۆ پشتگیریی لە گەڕانەوەی یەک ملیۆن و 500 هەزار پەنابەر و دوو ملیۆن ئاوارە ناوخۆیی بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان تا ساڵی 2025 ڕاگەیاند، بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەو بەڵێنە داراییانەی پێی دراوە لە 71 ملیۆن دۆلار تێپەڕی نەکردووە، لە کۆی ئەو 575 ملیۆن دۆلارەی کە پێویستە بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکانی لە ناوخۆی سووریا.

جەختیشی کردەوە، ئەگەر بودجەی زیاتر دابین نەکرێت، تەنیا دەتوانێت هاوکاریی ژمارەیەکی سنووردار لەو کەسانە بکات کە ئارەزووی گەڕانەوەیان هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەی ئاوارە و پەنابەرە گەڕاوەکانی سووریا.

 
Fly Erbil Advertisment