مەزڵووم عەبدی: بە شەرعمان ڕاگەیاندووە ئیدارەی خۆجێییمان دەوێت

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پێگەی هەواڵی مۆنیتۆر، باسی لە ناوەرۆکی ڕێککەوتنی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سووریا کردووە و دەڵێت: ئێمە ئیدارەیەکی خۆجێیمان دەوێت و ئەمەشمان لەگەڵ دیمەشق باس کردووە، بەڵام بەشێک لە حزبە کوردییەکان سوورن لەسەر مافی فیدراڵی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان.

هەروەها ئاماژەی داوە، بڕیارە بۆ یەکخستنی هەڵوێستی سیاسیی نێوان حزبە سیاسییە کوردییەکان، کۆنگرەیەک ببەسرێت، دواتر شاندێکی یەکگرتوو بە نوێنەرایەتیی ناوچەکە بۆ دانوستان بچنە دیمەشق.

لە بارەی ڕێککەوتنی کشانەوەی هێزەکانیان لە هەردوو گەڕەکی کوردنشینی حەلەب، مەزڵووم عەبدی دەڵێت: گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، گرنگییەکی زۆریان هەیە، ئەو ڕێککەوتنەشی لەبارەی ئەم دوو گەڕەکە کراوە، کاتییە و دوای ڕێککەوتنی تەواو لەگەڵ دیمەشق، ئەم ڕێککەوتنە کاتییە کۆتایی پێ دێت.

سەبارەت بەو ڕێککەوتنەی لەبارەی بەنداوی تشرین کراوە، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریا دیموکرات گوتی: ڕێککەوتنەکە دوو لایەنی هەیە، یەکێکیان پەیوەندیدارە بە بەنداوەکە، بەشی دووەمی ڕێککەوتنەکە لایەنی سەربازییە، بۆ ئیدارەدانی بەنداوی تشرین لەگەڵ دیمەشق ڕێککەوتووین، کارمەندان و ستافی ئیدارەی بەنداوەکە لە شوێنی خۆیان بمێننەوە و لە ئەرکەکانیان بەردەوام بن بۆ ئەوەی کار و ئیشەکانی بەنداوەکە بە سەلامەتیی بەڕێوە بچێت.

لە بارەی لایەنی سەربازییەکەشەوە، عەبدی دەڵێت: ڕێککەوتووین هێزەکانمان لە ڕۆژهەڵاتی بەنداوەکە بکێشینەوە و بۆ ئەوەی ناوچەکە ببێتە بۆشایی لە نێوان هێزەکانی هەسەدە و سوپای نیشتمانی.

مەزڵووم عەبدی دەشڵێت: لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سووریا ڕێککەوتووە، بۆ ئەوەی لەگەڵ تورکیا سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوە مەرجە توندەکانی ئەنقەرە لە بارەی ئیدارەی خۆسەر و هێزەکانیان بەم زووانە گفتوگۆ بکات، ئەمەش کەسێکی سەقامگیری دەرەخسێنێت، چونکە ئێستا تورکیا لە ڕاگەیەندراوەکانیدا زمانێکی نەرمتر بەکار دەهێنێت و هێدی هێدی لە دەربڕینی دەستەواژەی "تیرۆریست" دوور دەکەوێتەوە.

هەروا ئاماژەی داوە، پەسەندکردنی یەکخستن و تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ دامەزراوەکانی حکوومەتی سووریا، وەرچەرخان و پێشکەوتنێکی ئەرێنییە، ئەمەش پێشهاتێکی گرنگە و پێشوازییەکی تەواوی لێکراوە.

لە بارەی دیدارەکەیدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سووریا لە دیمەشق، مەزڵووم عەبدی ئاماژەی داوە، لە کەشێکی هێمندا لەلایەن شەرعەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکراوە و بە ناوی تەواوی خۆی بانگی کردووە، گوتیشی: ئەو دەنگۆیانەش ڕاست نین، گوایە ئەمەریکییەکانیش بەشداری دیدارەکە بوون، تەنیا ڕۆڵیان هەبووە لە ڕووی ئەمنی و گەیاندنم بە دیمەشق. 

هەروەها ئاماژەی داوە، ئەمەریکا پشتیوانیی لە ڕێککەوتن لەگەڵ دیمەشق دەکات، چونکە سەقامگیریی سووریای بەلاوە گرنگە و نایەوێت جارێکی دیکە ململانێکان لەگەڵ تورکیا و حکوومەتی سووریا دروست بێتەوە، چونکە بڕوایان وایە مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی نا ئارامییەکان، دەبێتە ڕێگە خۆشکەر بۆ گەڕانەوەی داعش و چەندین مەترسی دیکە.

عەبدی ئەوەشی ئاشکرا کردووە، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی دیمەشق چەند لیژنەیەکی لاوەکی تایبەتیان پێکهێناوە و دەڵێت: هەرچەندە ئیدارەی نوێی سووریا دژایەتیی زمانی کوردی ناکات، بەڵام لە دەستووری کاتی دا جێگیری نەکردووە، ئەمەش  مایەی بێ ئومێدییە.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment