موقتەدا سەدر خۆپیشاندانی ڕۆژی هەینی بۆ کاتێکی دیکە دوا خست

سەرۆکی ڕەوتی نیشتیمانیی شیعە موقتەدا سەدر، بڕیاری داوە ئەو خۆپیشاندانەی کە داوای کردبوو ڕۆژی هەینی دژی ئیسرائیل بکرێت، تا کاتێکی دیکە ڕابگیرێت.
ساڵح محەمەد عێراقی، کەسێکی نزیکی موقتەدا سەدر، لە زاری سەدرەوە بڵاوی کردووەتەوە و دەڵێت، "بۆ ئەوەی نەبنە بەربەست لەبەردەم بەرەوپێشچوونی هەوڵە سیاسییەکان دەربارەی دۆسییەی فەڵەستین، لە بەرژەوەندی ئێمەدایە خۆپیشاندانەکانی هەینی دوا بخەین تا کاتێکی دیکە."
ڕۆژی شەممەی سەرەتای ئەم هەفتەیە، سەدر داوای لە لایەنگرانی کرد خۆپیشاندانێکی ئاشتیانە و "توڕە" بۆ ئیدانەکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بکەن.
لە بەیاننامەیەکدا موقتەدا سەدر گوتبووی، خۆپیشاندانی لایەنگرانی لە نوێژی هەینی و لە شوێنی دیاریکراو لە پارێزگاکانی عێراق دەکرێت.
ڕێبەری ڕەوتی سەدر فەرمانیشی کردبوو، لە کاتی خۆپیشاندانەکەدا ئاڵای ئیسرائیل و ئەمەریکا بسووتێنن، جگە لە ئاڵای فەلەستین و عێراق هیچ ئاڵایەکی دیکەش بەرز نەکرێتەوە.