سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە یانەی دهۆک دەکات

بە بۆنەی بوون بە پاڵەوانی جامی کەنداو، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی لە یانەی وەرزشیی دهۆک کرد.
سێشەممە 15ـی نیسانی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە.
لە پەیامەکەدا، مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە یاریزانانی یانەی دهۆک، خەڵکی شارەکە و کوردستان بە گشتی دەکات، بە بۆنەی بەدەستهێنانی جامی کەنداو.
سەرۆک وەزیران دەڵێت: ئەم سەرکەوتنە مەزنە جێگەی شانازی ئێمەیە. هاوکات هیوای سەرکەوتن بۆ گشت یانە وەرزشییەکانی هەرێمی کوردستان دەخوازێت.
پیرۆزباهیەکا گەرم ل تەڤ یاریزانێن دهۆکێ، خەلکی باژێرێ دهۆکێ و کوردستانێ ب گشتی دکەم بۆ ب دەستڤەئینانا جاما خولا قارەمانێن کەنداڤی. ئەڤ سەرکەفتنا مەزن جهێ شانازیا مە هەمیانە. هیڤیا سەرکەفتنێ بۆ گشت یانەیێن وەرزشیێن هەرێما کوردستانێ دخوازم.
— Masrour Barzani (@masrourbarzani) April 15, 2025
سێشەممە 15ـی نیسانی 2025، یانەی وەرزشی دهۆک لە پاڵەوانێتی جامی کەنداو، لە یاری کۆتاییدا ڕووبەڕووی یانەی قادسییەی کوێتی بووەوە، یارییەکەش بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک لە بەرژەوەندیی یانەی دهۆک کۆتایی هات و جامەکەی بەرز کردەوە.
گۆڵەکانی دهۆک لە خولەکەکانی 66 و 93 لەلایەن سیابەند عەگید و مارلۆن دۆس سانتۆس تۆمار کران، تاکە گۆڵی یانەی قادسییەش لە خولەکی 70 لەلایەن محەممەد سۆڵە تۆمار کرا.
ئەمەش یەکەم جارە لە مێژوودا یانەیەکی کوردی دەبێتە پاڵەوانی جامی کەنداو.
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەنێو یاریگە ئامادەبوو و بەشداریی لە پێدانی خەڵات بە یاریزانانی هەردوو یانەکە کرد.