مەسرور بارزانی: حکوومەت بۆ خزمەتکردنی خەڵکە، بۆ ئیمتیازاتی سیاسیی لایەنەکان نییە

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: دەمانەوێت حکوومەتی نوێ زوو پێک بهێنرێت و هەموو لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشداریی لە پێکهێنانی کابینەی نوێ بکەن.

چوارشەممە، 16ـی نیسانی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: حکوومەت بۆ خزمەتکردنی خەڵکە، بۆ ئیمتیازاتی سیاسیی لایەنەکان نییە، هەرکەسێکیش دەیەوێت خزمەتی خەڵک بکات، دەرگای بۆ دەکەینەوە.

سەرۆک وەزیران، باسی لەوەش کرد، پێویستە یەک هەڵوێست بین لەسەر بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان و بەیەکەوە کار بکەین بۆ دەستەبەرکردنی مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان.

سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە کرد، لەسەر ئەجێندای پێکهێنانی حکوومەت جیاوازییەکی ئەوتۆمان نییە، بەڵام پێویستە ئیستحقاقی هەڵبژاردن پێوەر بیت بۆ دابەشکردنی پۆستەکان.

کاتژمێر 02:15 خولەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 16-04-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە نۆیەمین دیداری سلێمانی و بەشداریی گفتوگۆیەکی تایبەتی کرد.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی گفتوگۆیەکی تایبەتدا، لە نۆیەمین دیداری سلێمانی، لەبارەی بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و جیهان، ڕایگەیاند "پێموایە لەوانەیە زۆر زەحمەت بێت، نەک بۆ من، بۆ هەر کەسێک کە خوێندنەوەیەکی  تەواو و ورد بۆ هەموو ئەو ڕووداوانە بکات کە ئێستا لە ئارادان، بەڵام ئەوەی دیارە گۆڕانکارییەکی خێرا و هەستیار لە ناوچەکەدا ڕوو دەدات. ئەو گۆڕانکارییانەش هەندێکیان لەوانەیە چاوەڕواننەکراو بووبن، وەکوو ئەوەی کە بینیمان ئەو گۆڕانکارییە خێرایەی لە سووریا ڕووی دا. پێموایە لە ئاستی چاوەڕوانکردنی خودی دەسەڵاتی ئێستای سووریا و دەسەڵاتی پێشووتریش نەبوو، بەڵام ئەو گۆڕانکارییانە زۆر خێرا هاتنە کایەوە و بارودۆخێکی نوێیان خوڵقاند بە تایبەتی لە وڵاتی سووریا. "

 

 
 
 
 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment