کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی کۆتایی هات

کۆبوونەوەی شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی، لە سلێمانی بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەت و دابەشکردنی پۆستەکان کۆتایی هات.
پێجشەممە 17ـی نیسانی 2025، ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند: لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی، دوو کۆبوونەوە ئەنجام درا، یەکەمیان لەنێوان هەردوو شاندی تەکنیکی پارتی و یەکێتی بوو، کۆبوونەوەی دووەمیشیان کە دوای کاتژمێر 3ـی دوای نیوەڕۆ دەستی پێکرد، لەنێوان شاندی باڵای هەردوو پارتەکە بوو.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا کۆبوونەوەکە کۆتایی هات، بەڵام بەر لە کۆتاییهاتنی، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لە مەکتەبی سیاسیی پارتەکە هاتە دەرەوە و کاتێک مایکی کوردستان24 بینی بە دەست ئاماژەی ئۆکەی کرد، کە ئەمەش گوزارشتە لە ئەرێنی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە.
بە پێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا بۆ یەکەم جار گفتوگۆ لەبارەی پۆستە باڵاکانەوە کراوە، لە کاتێکدا لە کۆبوونەوەکانی ڕابردوو تەنیا گفتوگۆ لەسەر بابەتە تەکنیکییەکان و میکانزیمەکانی بەڕێوەبردن کرابوون.
هەر دوێنێ چوارشەممە، 16ـی نیسانی 2025، هۆشیار زێباری سەرۆکی شاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: کۆبوونەوەکان لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکوومەت بە باشی بەڕێوە دەچن.
هۆشیاری زێباری گوتی: وەرەقەی سیاسی و بەرنامەی حکوومەت کۆتایی هاتووە، ئێستا لە قۆناغی دابەشکردنی پۆستەکانداین.
سێشەممە 17ـی نیسانی 2025، هەردوو شاندی باڵای پارتی و یەکێتی لە پیرمام کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەش ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتبوو، پارتی و یەکێتی جەختیان لەوە کردەوە "کۆبوونەوەکە لە کەشێکی دۆستانە و ئەرێیدا بەڕێوە چوو و گفتوگۆ لەبارەی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا."
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکە، گفتوگۆکانی پارتی و یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان "هەنگاوی ئیجابی و بەرەوپێشچوونی باش هەبووە."