ڕووناکبیرێکی عێراقی: ڕێوڕەسمی نزای نیشتمانی لە کوردستان پەیامێکە بۆ هەموو جیهان

ڕووناکبیرێکی عێراقی لە ڕێوڕەسمی نزای نیشتمانی ڕایگەیاند، ئەمجۆرە ڕێوڕەسمانە دەستپێشخەرییەکی باشە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و تێگەیشتن و نەمانی جیاکاری و وتاری دوژمنکارانە، کە هەندێک پێکهاتەی عێراقی گرتووەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـی نیسانی 2025، ڕەحیم ئەبو ڕەغیف، ڕووناکبیری عێراقی، لە ڕۆژی نزای نیشتمانی لە کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ بۆنەیەکی ناوازەیە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەم ڕێوڕەسمە گرنگی پێکەوەژیان و هاوبەشی دەگەیەنێت.

ئەو ڕووناکبیرە دەڵێت: پەیامی بەرپرسەکانی هەرێم و ئامادەبووان و پەیڕەوانی ئاین، بەڕوونی گوزارشت لە پێویستی ناسنامەی کولتوور و مرۆڤایەتی کرد، کار لەسەر تاک دەکات، نەک جیاکاری و یەکتر قبووڵ نەکردن.

دەشڵێت: دڵنیابوون لەسەر بۆچوونە جیوازەکان کرا، هەروەها نزاکردنی نیشتمانی لە کوردستان، پەیامێکە لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتیی بۆ هەموو جیهان، ئەم ڕێوڕەسمەی ئەمڕۆ گەورەترین ڕێوڕەسم بوو لە ناوچەکە، ڕێکخستنێکی باشی بۆ کرابوو، هەروەها قسەکەران نیگەرانی خۆیان بۆ کۆچی دوایی پاپا فرانسیس دەربڕی.

ڕەحیم ئەبو ڕەغیف ڕاشیگەیاند "ئەم جۆرە پەیامانە لەلایەن ڕۆشنبیرانی عێراق وەردەگیرێت، دەستپێشخەرییەکی باشە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و تێگەیشتن، ئەم جۆرە ڕێوڕەسمە جیاکاری و وتاری دوژمنکارانە کەمدەکاتەوە. کە هەندێک پێکهاتەی عێراقی گرتووەتەوە."

 
 
Fly Erbil Advertisment