کوردستان24، ناوی ئەندامانی شاندی کۆبوونەوەکەی پارتی و یەکێتی بڵاو دەکاتەوە

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، مەسرور بارزانی سەرۆکایەتیی شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکایەتیی شاندی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دەکات.
شاندی باڵای پارتی پێکهاتوون لە:
1. هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی.
2. پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی.
3. دڵشاد شەهاب، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی.
4. ئومێد سەباح، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی.
هەروەها شاندی باڵای یەکێتی پێکهاتووە لە:
1. قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتی مەکتەبی سکرتاریەتی مام جەلال.
2. ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر پشکی یەکێتی.
3. دەرباز کۆسرەت ڕەسووڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی.
4. نزار ئامێدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی.
5. ڕێواز فایەق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی.
6. شاڵاو سەلاح شێخ شەرەف، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24، ئەمڕۆ دووشەممە، 28-04-2025، هەردوو شاندی باڵای دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، لە سلێمانی کۆ دەبنەوە.
کوردستان24 زانیویەتی، لە کۆبوونەوەکەدا کە کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ لە هاوینەهاواری دوکان بەڕێوە دەچێت، دوا هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دابەشکردنی پۆستە حکوومەتییەکان، تاوتوێ دەکرێن.
پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوەش کرد، بڕیارە دوای تەواوبوونی ئەم کۆبوونەوەیە، جارێکی دیکە هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی و یەکێتیی بۆ پەسەندکردنی دوا لێکگەیشتنی نێوان هەردوو حزب بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم کۆ دەبنەوە، دواتر بڕیار لەسەر دەستپێکردنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان دەدرێت.
تاوەکوو ئێستا مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی دوو جار لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ بوونەتەوە، دوایین دیداریان ڕۆژی یەکشەممە، 16-03-205، لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی هەنگاو و ڕێکارەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا و هەردوولا کۆبوونەوەکانیان بە ئەرێیی هەڵسەنگاند و هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و یەکگرتوو و خزمەتگوزار لە زووترین کاتدا.
ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوە چوو. پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسیی بەدەست ھێنا.