ڤیان دەخیل: حکوومەتی عێراق کەیسی ئێزدییەکانی پەراوێز خستووە

ڤیان دەخیل، ئەندام پەرلەمانی عێراق
ڤیان دەخیل، ئەندام پەرلەمانی عێراق

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، چەندان ساڵە حکوومەتی عێراق کەیسی ئێزدییەکانی پەراوێز خستووە.

سێشەممە، 29ـی نیسانی 2025، ڤیان دەخیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە یەکەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی ئێزدی (ئایین، کەلتوور، مێژوو، جوگرافیا) لە شاری دهۆک ڕایگەیاند "لە پەرلەمانی عێراق هیچ بایەخێک بە ئێزدییەکان نادرێت و بۆیان گرنگ نییە."

گوتیشی: خوارووی عێراق هەتا ساڵی 2014 نەیاندەزانی ئێزدی چییە، کاتێک دەمگوت من ئێزدیم پەرلەمانتارەکانی ئەوێ تووشی سەرسووڕمان بوون و نەیاندەزانی و دەیانپرسی ئێزدی چییە؟ لە دوای ساڵی 2014 بەهۆی جینۆسایدی و فڕاندنی ئێزدییەکان ناوی ئیزدییەکانیان بیست، بەڵام ئەوە گرنگ نییە تۆ بزانی ئێزدی کێیە و چییە، گرنگ ئەوەیە تۆ وەکو حکوومەت، وەکو دەوڵەت چەند مافی ئەوانت داوە.

ئەو ئەندام پەرلەمان دەشڵێت: "لە ساڵی 2005 سەرۆک بارزانی دەستووری دانا، دووپاتی کردەوە کە پێویستە ناوی ئێزدی لەناو دەستووردا هەبێت و ئێستا وەکو کۆنفرانسی لەم شێوەیە نەکراوە، ئەوا دەمانگووت بە خەڵکی ئێمە ئێزدی نین، بەڵام جەنابی سەرۆک گوتی: قبووڵ ناکەم دەستوورێک هەبێت ناوی ئێزدی تێدا نەبێت. ئەو لە بنەڕەتدا ئەوەی بۆ ئێمە دانا لە عێراق."

 ڤیان دەخیل گوتیشی: چارەی پرسی ئێزدییەکان بۆ عێراق گرنگ نییە، چونکە چەندان جار ئەو پرسیار و پرسەمان لەگەڵیاندا وروژاندووە، هیچ وەڵامێکی ئەوتۆ نادەن بە ئێمە، بارودۆخی ئێمە لە دوای ساڵی 2014 کە 400 هەزار ئیزدی خەڵکی شنگال ئاوارە بوون و 11 ساڵە لەناو کەمپەکاندان کە زستانێکی سارد و هاوینێکی گەرم هەیە، هیچ چارەیەکیان بۆ دۆخی ئەوان نەدۆزییەوە.

ڤیان دەخیل ڕاشیگەیاند "ئێمە ڕێککەوتنی شنگالمان لەگەڵ حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان ئیمزا کردووە و هەیە، بابێن جێبەجێی بکەن هەرنا ئاوارەکان بگەڕێننەوە بۆ شوێنی خۆیان و سەقامگیریی و ئاوەدانی و دروستکردنی باڵەخانە و ئەمنییەتی ژیانیان بۆ دابین بکەن، بەڵام ئەوە چەندان ساڵە حکوومەتی عێراق کەیسی ئێزدییەکان پەراوێز دەخات و بایەخی پێ نادات."

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment