ئەمنیستی: پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران زیاتر بووە

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ناسراو بە (ئەمنیستی) لە نوێترین ڕاپۆرتی ساڵانەیدا سەرنجی خستووەتە سەر دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و نیگەرانی خۆی دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە، لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دژ بە خەڵکی وڵاتەکە نەک هەر بەردەوامە، بەڵکو زیاتریش بووە.

ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بە سنوورداکردنی ئازادییەکان، سەرکوتی ئافرەتان و پێکهاتە ئایین و نەتەوەکان، جیاکاری چینایەتی و نادادپەروەری لە دژی هاووڵاتییان کردووە، ئاشکراشی کردووە، لە بەندیخانەکان سزای توند و قورس بە سەر زیندانییەکان جێبەجێ دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەستڕاگەیشتنی خەڵکی بە هەواڵ و زانیارییەکان سنووردار کراوە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی باسی لە پێشێلکارییەکانی ساڵی ڕابردوو کردووە و ئاماژەیداوە، ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادیی دامەزراندنی ڕێکخراوە مەدەنییەکان و داکۆکیکردن لە مافەکان، ئازادیی کۆبوونەوەی خۆپیشاندان و چالاکییە سیاسیی و ڕێکخراوەکان بە تەواوی سنووردار کراون. 

هەر بە گوێرەی راپۆرتەکە، لە ساڵی ڕابردوودا، لە ئێران سەرکوتی ئافرەتان، پێکهاتە جیاوازەکان لە نەتەوە و ئایینییەکان بەردەوام بووە، لەگەڵ ئەوەشدا لەنێو کۆمەڵگەی ئێراندا جیاکاری لە جێبەجێکردنی چەند یاسا و ڕێسایەک کراوە، لەوانە حیجابی زۆرەملێ دژ بە پەیڕەوانی ئایینی بەهایی و پەنابەرانی ئەفغان پەیڕەو کراوە.

لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕەخنەی توندی لە دەسەڵاتی دادوەری و سیستەمی یاسایی ئێران گرتووە و لە ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویەتی: دادگاکانی ئەو وڵاتە بە نادادپەروەرانە دژ بە هاووڵاتییانی ئێران بەڕێوە دەچن و سەپاندن و جێبەجێ کردنی سزاکان قامچی لێدان، بڕینەوەی ئەندامانی جەستە و لە سێدارەدان بەردەوامە.

هەر لە ڕاپۆرتەکەدا، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی تیشکی خستووە سەر چاپ و پەخشی میدیاکان و ئاماژەیداوە، ساڵی ڕابردوو، سانسۆرێکی توند و بەربڵاو لەسەر ڕۆژنامەکانی ئێران هەبووە، لەگەڵ ئەمەشدا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تەواوی فلتەر کراون و ڕێگریش لە شەپۆلی پەخشی کەناڵە ئاسمانییەکان کراوە، بۆ ئەوەی خەڵکی بە ئاسانی دەستیان بە هیچ هەواڵ و زانیارییەک نەگات.

 
Fly Erbil Advertisment