ئەمەریکا: پابەندین کە هەناردەی نەوتی ئێران بگەینینە سفر

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت: سزاکانی سەر ئێران بەردەوام دەبن و  عەباس عراقچیش ئاماژە بەوە دەکات، ڕۆژی شەممە 3ـی ئایار دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکا، لە ڕۆما بەڕێوە دەچێت.

چوارشەممە، 30ـی نیسانی 2025، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند: سزامان بەسەر حەوت دامەزراوەدا سەپاند کە بازرگانییان لەگەڵ ئێران کردووە و پابەندین کە هەناردەی نەوتی ئێران بگەینینە سفر.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا باس لەوەش دەکات، هەنگاوەکانمان بۆ لێپێچینەوە لەگەڵ ئێران و هاوبەشەکانی بەردەوام دەبن.

ئەمە لەکاتێک دایە هەر ئەمڕۆ چوارشەممە 30ـی نیسانی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکوومەتی ئێران، بە میدیاکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند، گەڕی چوارەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و وڵاتەکەی لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمی بە نێوەندگیریی عوممان، ڕۆژی شەممە 3ـی ئایاری 2025 لە ڕۆمای پایتەختی ئیتالیا بەڕێوە دەچێت.

هەروەها وەزیری دەرەوەی ئێران ڕاشیگەیاند، ڕۆژی هەینی، واتە ڕۆژێک بەر لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەمەریکا، لەبارەی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی 1+5 لەگەڵ نوێنەرانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا کۆ دەبنەوە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment