گەڕی چوارەمی دانوستانەکانی ئێران - ئەمەریکا دواخرا

وەزیری دەرەوەی سەڵتەنەی عوممان، دواخرانی گەڕی چوارەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکای ڕاگەیاند، کە بڕیاربوو شەممە، سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە ڕۆما بەڕێوە بچێت.

بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عوممان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، وێرای ڕاگەیاندنی دواخرانی گەڕەی چوارەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا بەهۆکاری تەکنیکییەوە، بڵاوی کردووەتەوە، دوای ڕێککەوتنی نێوان هەردوو لایەنی دانوستانکار، وادەیەکی نوێ بۆ بەڕێوەچوونی گەڕی چوارەمی دانوستانەکان ڕادەگەیەنرێت.

بەر لە پەیامەکەی وەزیری دەرەوەی عوممان، کە وڵاتەکەی نێوەندگیری دانوستانەکان دەکات؛ پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکی ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ی ئایاری 2025، لە زاری سێ سەرچاوە ئاشکرای کرد بوو، گەڕی چوارەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا، کە بڕیارە شەممە لە ڕۆما بەڕێوە بچێت، ئەگەری هەیە بۆ هەفتەی دواتر دوا بخرێت.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment