وەزیری بەرگریی ئەمەریکا سەردانی تەلئەڤیڤ دەکات

ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا سەبارەت بە بژاردە سەربازییەکان لەدژی ئێران ڕایگەیاند، بەم زووانە پێت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا دەگاتە ئیسرائیل.

دوو بەرپرسی ئیسرائیل ڕایانگەیاند "هێگسێت بە نیازە 12ـی ئایار سەردانی تەلئەڤیڤ بکات، ئەمەش پێش گەشتەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکایە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست."

هێگسێت لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکەی، یسرائیل کاتز، هەروەها ناتانیاهۆ کۆدەبێتەوە، ئەمەش یەکەم سەردانی وەزیری نوێی بەرگری ئەمەریکا دەبێت بۆ ئیسرائیل لە دوای دەستبەکاربوونییەوە.

هەرچەندە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و تەلئەڤیڤ لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران، تا ڕادەیەک ئاڵۆزی تێکەوتووە، بەڵام ئیسرائیل سوورە لەسەر بژاردەی سەربازی و لێدان لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، لە کاتێکدا ترەمپ لە دوای نامەکەی بۆ خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران پێداگرە لەسەر دانوستان وەک قۆناغی یەکەم بۆ ڕێککەوتن، لە هەمان کاتدا فشار دەخاتە سەر تاران لە ڕێگەی سزاکان و درێژەدان بە هێرشە سەربازییەکانی ئەمەریکا دژی حووسییەکان لە یەمەن.

پێشتر کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند بوو، بڕیارە لە 13 تا 16ـی ئایاری ئەمساڵ، ترەمپ بە گەشتێک ڕوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات و سەردانەکەی سعوودیە و قەتەر و ئیمارات لەخۆدەگرێت.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment