دادگا سکاڵای ژمارەیەک عەرەبی هاوردە لەسەر دوو جووتیاری کورد یەکلایی دەکاتەوە

محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان
محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان

بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، 04-05-2025، دادگای دووبزی سنووری پارێزگای کەرکووک، سکاڵای ژمارەیەک عەرەبی هاوردە لەسەر سێ جووتیاری کوردی ناحیەی سەرگەڕان یەکلایی بکاتەوە. 

سکاڵای عەرەبە هاوردەکان بۆ چوار مانگ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و بە تۆمەتی "داگیرکردنی زەوی" لەسەر سێ جووتیاری کوردی گوندی شەناغەی ناحیەی سەرگەڕان تۆمار کراوە. ئەو کات، سێ جووتیارەکە بۆ چەند ڕۆژێک دەستگیر کرابوون، بەڵام دواتر بە کەفالەت ئازاد کران. 

یوسف حەسەن شوانی، پارێزەری خۆبەخشی جووتیارە کوردەکان، بە هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بۆ دادگا ڕوونبووەتەوە پارچە زەوییەکە هی جووتیارە کوردەکانە، نووسراو و بەڵگەی پێویستمان لەبەر دەستە بۆ خستنەڕووی ڕاستییەکان. پارچە زەوییەکە هی باب و باپیرانی ئەو جووتیارانەیە و تاپۆیان هەیە، کەچی ئەو عەرەبانەی سکاڵایان تۆمار کردووە، لە بنەڕەتدا خەڵکی کەرکووك نین و هاوردە کراون."

هاوکات محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان، بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: "عەرەبە هاوردەکان هیچ بەڵگەیەکیان پێ نییە، تەنیا گرێبەستێکی سەردەمی ڕژێمی پێشوویان پێیە و لەسەر ئەو بنەمایە، سکاڵایان تۆمار کردووە. ئەو پارچە زەوییەی بانگەشەی بۆ دەکەن گوایە هی ئەوانە، جووتیارە کوردەکان تاپۆیان لەسەر هەیە و هەموو بەڵگەیەکی یاساییان هەیە." 

نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان ئاماژەی بەوەش دا "دڵنیاین دادگا بڕیار لەسەر حەق دەدات و هەموو بەڵگەیەکمان پێیە. دوایین بڕیاری پەرلەمانی عێراقیش بۆ گەڕاندنەوەی ماڵ و موڵک بۆ خاوەنەکانیان، زۆر باش بوو، لە بەرژەوەندیی جووتیارە کوردەکاندا دەبێت و زەوییەکەیان بۆ دەگەڕێنێتەوە."

محەممەد ئیسماعیل دووپاتی کردەوە "دۆخی جووتیارانی سەرگەڕان زۆر خراپە و تا ئێستا سوپا ڕێگریی لە کاری کشتوکاڵی دەکات."

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment