نەتەوە یەکگرتووەکان و سعوودیە و ئێران پێشوازیی لە ئاگربەستی ئەمەریکا و حووسییەکان دەکەن

بە نێوەندگیریی عوممان، ئەمەریکا و حووسییەکان ڕێککەوتن و ئاگربەستیان ڕاگەیاند. هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان، سعوودیە و ئێران، پێشوازیی لەو ڕێککەوتنی ئاگربەستە دەکەن.

چوارشەممە 7ـی ئایاری 2025، ستێفەنی ترێمبلەی، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازیی لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئەمەریکا و حووسییەکان بە نێوەندگیریی عوممان کرد، ئەمەش دوای چەند هەفتەیەک لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر یەمەن.

گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەختی لەوە کردەوە، ئەو ڕێککەوتنە بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکانە لە یەمەن، هەروەها کۆتاییهێنانە بە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە، لە ڕاگەیەندراوێکدا پێشوازیی لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئەمەریکا و حووسییەکان کرد و ئاماژەی بەوە کرد، دەست خۆشیی لە عوممانی دراوسێ دەکەین کە نێوەندگیری کردووە، هەروەها ئامانج لەو کارەش پاراستنی کەشتیوان و بازرگانانی نێودەوڵەتییە.

وەزارەتەکە باسی لەوەش کرد، ئەو ڕێککەوتنی ئاگربەستەش کۆتایی بە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر یەمەن، هەروەها هێرشی حووسییەکان بۆ سەر کەشتیە بازرگانییەکانی ئەمەریکا لە دەریای سوور, دەهێنێت.

لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش، لە ڕاگەیەندراوێکدا پێشوازیی لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئەمەریکا و حووسییەکان دەکات و دەڵێت: پێشوازیی لە ڕاگرتنی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر یەمەن دەکەین.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، خۆڕاگریی گەلی یەمەن لە بەرانبەر هێرشە دەرەکییەکاندا، جێگەی ستایشە

سێشەممە 6ـی ئایاری 2025، ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری سەرۆک ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕایگەیاند: دوای گفتوگۆ و پەیوەندییەکانی ئەم دواییەی سەڵتەنەی عوممان لەگەڵ ئەمه‌ریکا و دەسەڵاتدارانی پەیوەندیدار لە سەنعا، بە مەبەستی ئاساییکردنەوەی دۆخەکە، هەردوولا  ڕێککەوتن و ئاگربەست لەنێوان ئەمەریکا و حووسییەکان ڕاگەیه‌نرا.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment