مەسرور بارزانی: نرخی کارەبا کەمتر لەو نرخەی ئێستای کارەبای مووەلیدە و نیشتمانیی دەبێت

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری دهۆک، لە چوارچێوەی بەسەرکردنەوەی پرۆژەی نيشتمانیی کارەبای24 کاتژمێری ناسراو بە (پرۆژەی ڕووناکی) سەردانی چەند ماڵێک و شوێنی کاری هاووڵاتییانی شارەکەشی کرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە 11ی ئایاری 2025، سەرۆکی حکوومەت لە گەڕەکی بەرۆشکێ لە شاری دهۆک ، سەردانی چەند ماڵ و دوکان و فرۆشگە و نانەواخانەیەکی کرد، کە ماوەیەکە لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕووناکی، کارەبایان بووەتە 24 کاتژمێری و لە نزیکەوە، گوێی لە سەرنج و تێبینی هاووڵاتییان لە سەر پرۆژەکە گرت.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی سەردانەکەی سەرۆک وەزیران بڵاوی کردووەتەوە، هاووڵاتییان خۆشحاڵی خۆیان بە ئەنجامدانی پرۆژەکە نیشان دا و دەستخۆشیان لە حکوومەت کرد بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆژە نیشتمانییە کە هەموو کوردستان دەگرێتەوە.

هەروەها سەرۆکی حکوومەت لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم پرۆژەیە لە هەموو کوردستان ئەنجام دەدرێت و ئەوەی تا ئێستا کراوە لە سەنتەری شارەکان بووە و بڕیارە تا کۆتایی 2026 ، هەموو پارێزگە و ناوچە و شارو گوندەکانی هەرێمی کوردستان ببنە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی حکوومەت هاتووە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داواشی لە هاووڵاتییان کرد، کە زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانی کارەبادا نەکەن و بە پێی پێداویستی خۆیان بەکاری بهێنن و بەفیڕۆی نەدەن و هاوکاری حکومەت بن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ ئەوەی حکومەتیش بەردەوام بێت لە خزمەتکردنی هاووڵاتییان.

هاوکات، سەرۆکی حکوومەت دڵنیاییدا، کە نرخی کارەبا بۆ زۆرینەی هاووڵاتییان نرخێکی گونجاو دەبێت و کەمتر دەبێت لەو نرخەی ئێستای کارەبای مووەلیدە و کارەبای نیشتمانیی بەیەکەوە.

تا ئێستا 600 هەزار هاووڵاتی لە پرۆژەی ڕووناکی و کارەبای 24 کاتژمێری سوودمەند بوونە و بڕیارە تا کۆتایی ئەم مانگە، ژمارەکە بگاتە یەک ملیۆن سوودمەند لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.لە کۆتایی ئەمساڵیش، سەنتەری سەرجەم شارەکان دەبێتە 24 کاتژمێری و کۆتایی 2026 یش هەموو هەرێمی کوردستان سوودمەند دەبێت .

هەروەها حکومەت چەندین ئاسانکاریی وهاریکاریی تایبەت بە کارەبا بۆ هاووڵاتییان ڕادەگەیەنێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment