ئۆنروا: هەزاران بارهەڵگرمان بۆ چوونە ناو غەززە ئامادەن

ئاژانسی فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین ڕایگەیاند، هەزاران بارهەڵگریان ئامادەن بۆ چوونە ناو غەززە، هەروەها تیمەکانیان ئامادەن بۆ فراوانکردنی بازنەی گەیاندنەکان."
ئۆنروا لە بەیاننامەیەکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس ئاماژەی بەوە کردووە، زیاتر لە نۆ هەفتە بەسەر گەمارۆدانی غەززەدا تێ پەڕیوە؛ ئیسرائیل ڕێگری لە هاتنە ژوورەوەی هەموو هاوکارییە مرۆیی و پزیشکی و بازرگانییەکان دەکات و هۆشداری دەدات، تا زیاتر ئەم گەمارۆیە بەردەوام بێت، زیانێکی قەرەبوو نەکراوە بە ژیانی خەڵکی دەگەیەنرێت.
ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە داوای لە ئیسرائیل کردووە گەمارۆکە هەڵبگرێت و ڕێگە بە ڕۆیشتنی پێویستییەکان بدات، هاوکات داوای ئازادکردنی بارمتەکانیشی کردووە.
گوتەبێژی ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندبوو "دابەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان لە غەززە، بەبێ دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین ئۆنروا، زۆر قورس دەبێت."
لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە عەممان، جولیەت تۆما، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان ڕایگەیاند "مەحاڵە جێگەی ئۆنروا لە شوێنێکی وەک غەززە بگۆڕێت، ئێمە گەورەترین ڕێکخراوی مرۆییین." ڕۆژی پێنجشەممە ئەمەریکا ڕایگەیاند ڕێکخراوێکی نوێ بەم زووانە ئەرکی بەڕێوەبردنی یارمەتییە مرۆییەکانی لە کەرتی وێرانکراوی غەززە، لە ژێر گەمارۆی ئیسرائیلدایە، پێ دەسپێردرێت.
زانیارییەکی کەم لەسەر ئەم ڕێکخراوە بڵاو کراوەتەوە، بەڵام لە مانگی شوباتەوە لە سویسرا تۆمار کراوە و بارەگا سەرەکییەکەی لە جنێڤە. تۆما گوتی: زیاتر لە 10 هەزار کەسمان لە غەززە هەیە، کاردەکەن بۆ گەیاندنی ئەو چەند پێداویستیەی کە ماونەتەوە. هەروەها دەزگاکە پەناگە بۆ ئاوارەکان بەڕێوەدەبات.
جەختیشی لەوە کردەوە، زۆر قورسە هیچ ئۆپەراسیۆنێکی مرۆیی بەبێ ئۆنروا بکرێت. لە 2ـی ئادارەوە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە دەستی پێ کردەوە، ئیسرائیل ڕێگری لە هاتنە ناوەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە دەکات کە 2 ملیۆن و 400 هەزار کەسی تێدا دەژین. دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دەڵێن ئامانجی ئەم گەمارۆیە، ناچارکردنی حەماسە بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کاتی هێرشی بزووتنەوەکە بۆ سەر باشووری ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، دەستگیریانی کردبوو.
ئیسرائیل، بزووتنەوەی حەماس تۆمەتبار دەکات بەوەی یارمەتییەکان بۆ بەرژەوەندی خۆی هەڵدەقۆزێتەوە، پێشنیازی کردووە هاوکارییەکان لە ڕێگەی ئەو ناوەندانەی لە لایەن سەربازییەوە بەڕێوەدەبرێن، دابەش بکرێت. گوتەکانی ڕەخنەی توندی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکانی لێ کەوتەوە. ڕۆژی هەینی، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ ڕایگەیاند "بەشداریی لە هیچ ئۆپەراسیۆنێکی دابەشکردنی هاوکاریدا ناکەین، ڕێز لە بنەما مرۆییەکانمان نەگرێت کە بریتین لە سەربەخۆیی و مرۆڤایەتی و بێلایەنی."