سەرۆکی حکوومەت کارگەی چیمەنتۆ و وێستگەی کارەبای 'دابین' دەکاتەوە

سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی (وێنە - ئەرشیف)
سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی (وێنە - ئەرشیف)

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 12ی ئایاری 2025، کارگەی چیمەنتۆ و وێستگەی کارەبای 'دابین' دەکاتەوە، کە یەکێکە لەو پرۆژانەی لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی دانراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە 22ـی حوزەیرانی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکدا، بەردی بناغەی کارگەی چیمەنتۆ و وێستگەی کارەبای 'دابین' لە بناری چیای سەفین لە پارێزگای هەولێر دانا.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەر ئەو کات لە گوتارێکدا جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی حکوومەت دەبێت، ئاسانكاریی زیاتر بۆ پێشخستنی كه‌رتی پیشه‌سازی بکەن و هەر ئاستەنگ و لەمپەرێکیش هەبێت پێویستە لا بدرێن.

پرۆژەی کارگەی چیمەنتۆ و وێستگەی کارەبای 'دابین' لەسەر ڕووبەری 212 دۆنم زەوی لەلایەن کۆمپانیای پاوەرچاینەل بە کوالێتی و ستانداری جیهانی بنیاد نراوە.

کارگەی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆکە پێک دێت لە هێڵی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ و بە توانای شەش هەزار کلیکەر، کە دەکاتە شەش هەزار و 300 تۆن چیمەنتۆ لەهەر ڕۆژێکدا.

هاوکات وێستگەیەکی کارەبا لە خۆ دەگرێت کە توانای بەرهەمهێنانی 52 مێگاوات کارەبای هەیە.

ئەو بەردەی كە چیمەنتۆكەی لێ بەرھەم دەھێندرێت بە بەردی "لایمستۆن" ناسراوە، نزیكەی یەك كیلۆمەتر لە شوێنی دروستكردنی كارگەكەوە دوورە و بە سەلمێندراوی نزیكەی 150 ملیۆن تۆن یەدەگی ھەیە، بەمەش دڵنیایی دەدات، كە كارگەكە دەتوانێت بۆ ماوەی 50 ساڵ كار بكات، ئەو بەردانەشی دەگوازرێنەوە بۆ كارگەی بە شكێنەرێکی تایبەت ورد و خاش دەکرێن کە تواناکەی لە كاتژمێرێكدا شكاندنی ھەزار و 400 تون بەردە.

هەروەها كارگەكە، چوار سایلۆی ھەڵگرتنی چیمەنتۆی ھەیە بە تیرەی 18 مەتر و بەرزی 56 مەتر، كە بە جیا چیمەنتۆی جۆری پۆرتلەنتی ئاسایی و چیمەنتۆی سێمپتو ھەڵدەگرێت. ھەر سایلۆیەك توانای ھەڵگرتنی 10 ھەزار تەن چیمەنتۆی ھەیە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment