شاندێکی حکوومەتی هەرێم بەشداری لە گفتوگۆکانی ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ لە جنێڤ دەکات

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: بەشداریی شاندی حکوومەتی هەرێم، لە گفتوگۆکانی ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ، بە دەروازەیەک دادەنرێت بۆ گواستنەوەی پابەندبوونی بە ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بۆ بارەگا سەرەکییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نێویاندا جنێڤ.
بڕیارە ڕۆژانی 13 تا 18ـی ئایاری 2025، لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ، کۆبوونەوەی تایبەت بە گفتوگۆکردن سەبارەت بە ڕاپۆرتی خولەکانی پێنجەم و شەشەمی عێراق، لەبارەی ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ ئەنجام بدرێن.
شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، لەو گفتوگۆیانەدا بەشدار دەبێت لە چوارچێوەی شاندی حکوومەتی فیدراڵیدا، کە بە سەرپەرشتی خالد شوانی، وەزیری دادی حکوومەتی فیدراڵی و سەرۆکی لێژنەی تایبەت بە ڕێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە.
لەم بارەیەوە، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: بەشداریی شاندی حکوومەتی هەرێم لە چوارچێوەی هەماهەنگییە لەگەڵ لێژنەی نیشتمانیی نووسینی ڕاپۆرتی ئەو ڕێککەوتننامانەی عێراق پەسەندی کردوون و وەڵامدانەوەی ئەو تێبینی و ڕاسپاردانەی تایبەتن بە ڕێککەوتننامەکان لە حکوومەتی فیدراڵیدا، بە ئامانجی خستنەڕووی پابەندییەکانی هەرێمی کوردستانە بەم ڕێککەوتننامانە.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، گوتیشی: "بەشداریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم گفتوگۆیانەدا بە دەروازەیەک دادەنرێت بۆ گواستنەوەی پابەندبوونی بە ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بۆ بارەگا سەرەکییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەنێویاندا جنێڤ. هەروەها تیشک دەخرێتە سەر دوایین هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێم گرتوویەتییە بەر بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی پلانی مافەکانی مرۆڤی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (2021-2025)، بە تایبەتی ئەو بەشەی پلانەکە کە تەرخان کراوە بۆ پاراستنی مافەکانی منداڵ."