ئەکسیۆس: ئیدارەی ترەمپ پێشنیازێکی لەبارەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی پێشکەش بە ئێران کردووە

پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس بڵاوی کردەوە، ئیدارەی ترەمپ لە دوایین گەڕی دانوستانەکانی وڵاتەکە و ئێران، پێشنیازێکی نووسراوی لەبارەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، پێشکەشی ئێران کردووە.
پێنجشەممە 15ـی ئایاری 2025، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس، لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکی و سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاوی کردەوە، ئیدارەی ترەمپ، لە دوایین گەڕی دانوستانەکانی نێوان وڵاتەکە و ئێران، پێشنیازێکی نووسراوی، لەبارەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، پێشکەش بە عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کردووە.
ئەو بەرپرسە ئەمەریکییە، ئاماژەی بەوە کرد، عەباس عراقچی، ئەو پێشنیازە نووسراوەی ئاراستەی سەرکردایەتیی ئێران کردووە و تاوتوێیان کردووە.
هەروەها سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستانەکانی هەردوو وڵات بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، لە دانوستانەکانی نێوان هەردوو وڵات هێشتا کەلێن و بۆشایی ماون کە پێویستە پڕ بکرێنەوە.
لای خۆیەوە عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئێم بی سی نیوز، گوتی: وڵاتەکەی ئامادەیە دەستبەرداری کۆگاکانی یۆرانیۆم بێت، لە بەرانبەر هەڵگرتنی گەمارۆ ئابوورییەکان.
دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لەمیانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر، ڕایگەیاند: پێشکەوتن لە دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێراندا هەبووە و تاڕادەیەکی زۆر بە مەرجەکانی ڕێککەوتنێک ڕازی بووین.
ئاماژە بەوەش کرد، کە بەم زووانە لەگەڵ ئێران لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ڕێکدەکەون.