زێلێنسکی: ڕووسەکان لەبارەی دانوستانەکانی ئاشتییەوە جیددی نین

سەرۆکی ئۆکرانیا، دوای ئەوەی سەرۆکی ڕووسیا بەشداری لە دانوستانەکانی ئاشتی لە ئیستانبوڵ نەکرد، بێ هیوابوونی خۆی لە پرۆسەکە ڕاگەیاند و گوتی: ڕووسەکان دانوستانەکانی ئاشتی بە جیددی وەرناگرن.
پێنجشەممە 15ـی ئایاری 2025، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، بۆ مەبەستی پرۆسەی ئاشتی ئۆکرانیا و کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی ڕووسیا، سەردانی تورکیای کرد.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ئامادەم دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پوتن بکەم بۆ مەبەستی ڕاگەیاندنی ئاگربەست و پرۆسەی ئاشتیی ئۆکرانیا، بەڵام بەداخەوە ڕووسەکان دانوستانەکان بە جیددی وەرناگرن.
هاوکات ئاماژەی بە ئەندامانی شاندەکەی ڕووسیا کرد کە بۆ تورکیای ناردووە و گوتی: "من ناچمە ئیستانبوڵ بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکانی ئاشتی دوای ئەوەی پوتن ڕەتی کردەوە بەشدار بێت، ئەو تیمەی ڕووسیاش کە بەشداری کۆبوونەوەکەی ئیستانبوڵ دەکات تیمێکی ئاست نزمە."
باسی لەوەش کرد، پێویستە بزانین ئەو شاندەی ڕووسیا کە سەردانی ئیستانبوڵی کردووە بۆ مەبەستی دانوستانەکانی ئاشتی، ئایا توانای ئەوەیان هەیە هیچ بڕیارێک بدات یان نا؟
لە بەرانبەردا، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیا (کرێملن) ڕایگەیاند: شاندێکی ڕووسیا لە ئیستانبوڵ ئامادەیە بۆ دانوستان، هێشتا زووە بزاندرێت ئەو شاندە لە چ ئاستێکە و چ جۆرە بەشداریکردنێکیان دەبێت.
هەروەها دوایین دانوستانی ڕاستەوخۆی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ئاداری 2022 لە ئیستانبوڵ بەڕێوە چوو، تەنیا چەند هەفتەیەک دواتر پوتن هێزی ڕووسیای نارد بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا.