ئەسیل نوجەیفی لە وەڵامی فالح فەیازدا: هەڵبژاردن نزیکە دەتەوێ خۆت لە خەڵکی موسڵ نزیک بکەیتەوە

پارێزگاری پێشووتری نەینەوا و سەرکردەی پارتی 'موتەحیدون' ئەسیل نوجەیفی، وەڵامی لێدوانەکانی فالح فەیاز، سەرۆکی دستەی حەشدی شەعبی دایەوە، کە گوتبووی، تەنیا 4%ـی دانیشتوانی نەینەوا ئینتیمایان بۆ داعش هەیە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی ئایاری 2025، پارێزگاری پێشووتری نەینەوا، ئەسیل نوجەیفی، بە میدیای ناوخۆی عێراقی ڕاگەیاند "دەبوو ئەو لێدوانە لەو کاتەدا بکرایە کە خەڵکی نەینەوا بە تۆمەتی سەر بە داعش بوون یان هاوکاریکردنی داعش گۆشەگیر کرابوون و پشکنینی ئەمنی وەک کارتی فشار و موزایەدە دژی خەڵکی نەینەوا بەکار دەهێنرا."
ئاماژەی بەوەش کرد "ئێستا کە خەڵکی نەینەوا بە خوێن و کەرامەت و پارەی خۆیان بێتاوانی خۆیان لەو تۆمەتانە سەلماندوە، ئەم لێدوانە هیچ شتێک لە ڕاستیەکان ناگۆڕێت، بەڵکو تەنیا هەوڵێکە بۆ نزیکبوونەوە لە خەڵکی موسڵ چونکە هەڵبژاردن نزیکە."
هەر ئەمڕۆ دووشەممە، فالح فەیاز لە لێدوانێکیدا گوتی: موسڵ لە سەردەمی قۆناغی هەژموون تێپەڕیوە و بەرەو سەقامگیری دەڕوات، باسی لەوەش کرد، زۆرینەی دانیشتوانی نەینەوا هیچ پەیوەندییەکیان بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە نییە.
جەختیشی کردەوە، "من بەرپرس بووم لە وردبینی ئەمنی پارێزگای نەینەوا، دەرکەوت کە 96%ـی دانیشتوان تۆماری ئەمنی دروستیان هەبووە، لەکاتێکدا ڕێژەی ئەوانەی کە ئەندامی داعش بوون لە 4% زیاتر نەبوون."