دیندار زێباری: پاراستنی مافی پێکهاتەکان ئەرکێکی دەستوورییە

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: هێزی هەر کۆمەڵگەیەک پەیوەستە بەوەی کە تا چەند لاوازترین گرووپەکانی دەپارێزێت و توانای گۆڕینی هەمەجۆریی بۆ سەرچاوەیەکی یەکگرتوویی و خۆڕاگری تێدا بەدی دەکرێت. دەشڵێت، هەرێمی کوردستان لەڕێگەی جێبەجێکردنی پلانەکانی بۆ مافەکانی مرۆڤ، بە نموونەیەکی پێشکەوتوو  دادەنرێت لەم بوارەدا .

 بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی فرەچەشنی کولتووری،  21ـی ئایاری 2025، لە هەولێر، دیدارێکی کراوە بە سەرپەرشتیی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بە هەماهەنگیی لەگەڵ دەزگای سورایا بۆ ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن بە مەبەستی پاراستنی مافی پێکهاتەکان ساز کرا؛ تێیدا لایەنە حکوومیە پەیوەندیدارەکان و نوێنەرانی پێکهاتەکان و ژمارەیەک لە کونسوڵە گشتییەکان ئامادەی بوون.

لەکاتی دیدارەکەدا، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا، هێزی هەر کۆمەڵگەیەک بەستراوە بەوەی کە تا چەند لاوازترین گرووپەکانی دەپارێزێت و توانای گۆڕینی هەمەجۆریی بۆ سەرچاوەیەکی یەکگرتوویی و خۆڕاگری تێدا بەدی دەکرێت.

ئەوەی خستە ڕوو کە هەرێمی کوردستان بە نموونەیەکی پێشکەوتوو  دادەنرێت لەم بوارەدا لەڕێگەی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ(2021-2025)، کە 448 ڕاسپاردەی لەخۆ گرتبوو، لە نێویاندا 39 ڕاسپاردە تایبەت بوو بە پاراستنی مافی پێکهاتەکان. ڕێژەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان لە 34.8% لە ساڵی 2022 بۆ 74.1% لە ساڵی 2023 بەرز بووەتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئیرادەی سیاسی و دامەزراوەیی.

لە دیدارەکەدا ئاماژە بەوە کرا، پانۆرامای خولیی گشتگیر  کە لە مانگی یەکی ئەم ساڵ بەڕێوە چوو، 17 ڕاسپاردەی لەخۆ گرتبوو کە بە تایبەتی باسیان لە پاراستنی پێکهاتەکان دەکرد.

تیشک خرایە سەر ئەو چوارچێوە یاساییانەی لە هەرێمی کوردستان تایبەتن بە بابەتی پێکهاتەکان لەوانە، یاسای ساڵی 2015 بۆ پاراستنی مافەکانی پێکهاتەکانی هەرێم و پرۆژە یاسای ساڵی 2003، کە جەخت لەسەر یەکسانی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگا لە هەرێمدا دەکەنەوە.

هەرێمی کوردستان (49) قوتابخانەی سریانی و (18) قوتابخانەی تورکمانی بەڕێوە دەبات، جگە لە بەرنامەی پەروەردەیی  تایبەت بە ئێزیدی و قەرەجەکان، لە ئێستادا (1250) خوێندکاری قەرەج هەلی خوێندنیان بۆ ڕەخساوە و ناویان تۆمار کراوە. (13) شوێنی پیرۆزی ئێزیدی نۆژەن کراونەتەوە، هەروەها دانپێدانانی فەرمی بە بۆنە ئایینییەکان بۆ ئێزدییەکان و کریستیانەکان و پێکهاتەکانی دیکە دراوە. زیاتر لە (30) هەزار تاک لە کۆمەڵگەی قەرەج ناسنامەی نیشتمانییان وەرگرتووە،  جگە لە دەستەبەرکردنی دەستڕاگەیشتن بە؛ چاودێریی تەندروستی، و بەشداریی مەدەنی.

هەروەها  باس لە پێشکەوتنەکانی پەروەردە و نوێنەرایەتی سیاسی و پاراستنی شوێنە ئاینییەکان و دەستەبەرکردنی ئازادی بیر و باوەڕ کرا، لەوانەش دەسپێشخەرییەکانی وەک بە قەزاکردنی عەنکاوە و خانکێ، و دامەزراندنی ناوەندێکی ڕۆشنبیری و پەروەردەیی کە  بنەمەکانی فرەچەشنی و گشتگیری بەرەوپێش دەبەن.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment