ئامانج ڕەحیم: گرێبەستەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان یاسایین

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: حکوومەتی فیدراڵی دەستوور وەک خۆی جێبەجێ ناکات، هەر ئەو دەستوورە ڕێگەی بە هەرێمەکە داوە سەرچاوە وزەکانی خۆی پەرە پێ بدات. دەشڵێت: گرێبەستەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت یاسایین و لەلایەن دادگای کەرخەوە دانیان پێدا نراون.
پێنجشەممە 22ـی ئایاری 2025، ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەمیانی بەشداریی لە پانێڵێک لە چوارچێوەی کۆنفرانسی وزە لە واشنتن، گوتی: هەمووان دەزانن دەستووری عێراق لەسەر بنەمای فیدراڵیزیم دامەزراوە، هەر ئەمەش ڕێگە بە هەرێمی کوردستان داوە سەرچاوەکانی وزەی خۆی پەرە پێبدات.
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا، بە داخەوە تا ئێستا دەستوور وەک خۆی جێبەجی ناکرێت، هیشتا چەندین یاسای سەردەمی ڕژێمی بەعس لە عێراق جێبەجێ دەکرێن، هەروەها بە گوێرەی دەستوور، حکوومەتی هەرێم مافی خۆیەتی پەرە بە سەرچاوەکانی وزەی هەرێمەکە بدات.
جەختی لەوەش کردەوە، هەر لەسەر بنەمای دەستووری عێراق حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2007 لە هەرێمی کوردستان یاسای نەوت و گازی دەرکرد، هەروەها کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکانی ئەمەریکا بەشدارن لە پەرەپێدانی کەرتی نەوت و گاز لە هەرێمەکە.
بڕینی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014
ئامانج ڕەحیم، گوتی: لە مانگی 2ـی ساڵی 2014، عێراق مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی، ئەمەش بووە شۆکێکی گەورەی دارایی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان، بۆیە هەرێمەکە ناچار بوو کە نەوتی خۆی لە ڕێگەی بۆری نەوتی عێراق – تورکیا، هەناردە بکات.
هاوکات ڕایگەیاند: بەڵام لە ساڵی 2023 بەهۆی سکاڵای حکوومەتی عێراق، دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس بە بڕیارێک هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی ڕاگرت، بەم هۆیەش عێراق ناچار کرا ملیارێک و 800 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو بداتە حکوومەتی تورکیا، هەروەها بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەکەوە تا ئێستا عێراق 25 ملیار دۆلار زیانی کردووە.
لەبارەی یاسای نەوت و گازەوەش، دەڵێت: لە ساڵی 2005ـەوە تا ئێستا یاسای نەوت و گاز لە عێراق نییە، لە وڵاتەکە لە چوارچێوەی وەزارەتی دارایی ئەم یاساییە مامەڵەی پێوە دەکرێت، لە کاتێکدا دەبێت بە گوێرەی یاسا ڕێکبخرێت.
"گرێبەستەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان یاسایین"
ناوبراو باسی لە هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوە دا، هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵەی عێراق (2025،2024،2023) ڕازی بوو نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمەوە بفرۆشرێت، هەروەها ئەمساڵیش یاسای بودجە هەموار کراوە ئەمەش بەرەوپێشچوونێک بوو لە نێوان هەرێم و عێراق.
هاوکات ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان بەوە ڕازی بوو تێچووی دەرهێنانی نەوت لە هەرێمەکە لەلایەن عێراقەوە بە 16 دۆلار بخەمڵێندرێت، تا ئەو کاتەی کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری نێودەوڵەتی خەملاندنی تەواو دەکات بۆ خەرجی دەرهێنانی نەوت لە هەرێمەکە.
گوتیشی: شەش مانگە لە گفتوگۆکان لەگەڵ حکوومەتی عێراق بەردەوامین بۆ مەبەستی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی بۆری عێراق- تورکیا.
لەبارەی گرێبەستەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان، ئامانج ڕەحیم، گوتی: ئەو گرێبەستانە یاسایین و لەلایەن دادگای کەرخەوە دانیان پێدا نراون.
جەختی لەوەش کردەوە، تا ئێستا حکوومەتی عێراق لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن، بۆیە تا ئێستا هەرێمەکە نەوت بە نرخێکی هەرزانتر لە ناوخۆ ساغ دەکاتەوە.
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان نەک تەنیا لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانە، بەڵکو لە بەرژەوەندیی عێراقیشە.
"تا ئێستا وەک پێویست بەغدا مووچە بۆ هەرێمی کوردستان نانێرێت"
لە ساڵی 2014ـەوە تا ساڵی 2023 هیچ مووچە و بودجەیەک بۆ هەرێمی کوردستان نەێنردراوە، بۆ هەرێمەکە ناچار بووە لە ڕێگەی هەناردەی نەوتی خۆیەوە پارە بۆ مووچە دابین بکات.
لەبارەی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئامانج ڕەحیم ڕوونی کردەوە، بەغدا پرسی مووچەی هەرێمی کوردستانی بە پرسی سیاسی و نەوتەوە گرێ داوە، دادگای فیدراڵیش دژی بەغدا بڕیاری دا کە نابێت مووچە تێکەڵی ململانێی سیاسی بکرێت، بۆیە دەمانەوێت بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان لە ملانێی سیاسیی جیا بکرێنەوە.
جەختی لەوەش کردەوە، تا ئێستا وەک پێویست بەغدا مووچە بۆ هەرێمی کوردستان نانێرێت، هەروەها بیانوو دێنێتەوە، لە کاتێکدا لیستی مووچەی هەرێمەکە هیچ کێشەی تەکنیکی نییە و هەموو فەرمانبەرەکان بایۆمەترییان هەیە.
لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، ئێمە دوو بژاردەمان هەیە لەگەڵ عێراق، ئەگەر هەموو داهاتی نانەوتی خۆمان بنێرین بۆیان دەبێت لە بەرانبەردا ئەوان جگە لە مووچە، بودجەی بەگەرخستن و وەبەرهێنانیشمان بۆ بنێرن.
دەشڵێت: بژارەی دووەمیشمان 50%ـی داهاتی نانەوتی بنێرین بۆ بەغدا وەک ئەوەی ئێستا دەیکەین، لەو 50%ـیەش کە دەمێنێتەوە بۆمان سێکتەرەکانی دیکەی حکوومەتی پێ بەڕێوە دەبەین و دەینێرین بۆ وەزارەتی دارایی.
"پرۆژەی هەژماری من ڕێگری لە سپیکردنەوەی پارە دەکات"
ئامانج ڕەحیم، ڕایگەیاند: لە ڕێگەی هەژماری منەوە حکوومەت دەیەوێت هەموو فەرمابەرێک لە ڕێگەی بانکەوە مووچەی خۆی وەربگرێت، ئەمەش شتێکی زۆر باشە بۆ ڕێگریگرتن لە سپیکردنەوەی پارە، پرۆژەی هەژماری من بۆ ئەمەریکاش زۆر باشە، چونکە بەو هۆیەوە نیگەرانییەکانی لە سپیکردنەوەی پارە نەماوە.