سەفین دزەیی: کۆتاییمان بە سەردانێکی سەرکەوتووانە بۆ واشنتن هێنا

شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ واشنتن هێنا.

شەممە 24ـی ئایاری 2025، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری خۆی وێنەیەکی بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە، کۆتاییمان بە سەردانێکی سەرکەوتووانە بۆ واشنتن، بە سەرۆکایەتیی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی هێنا.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەشڵێت: سوپاسی هاوڕێ و هاوبەشە ئەمریکاییەکانمان دەکەین بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لێیان کردین، هەروەها سوپاس بۆ نوێنەرایەتیی حکوومەت لە ئەمەریکا، ستافی پڕۆتۆکۆڵ و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بۆ هەوڵ و ماندووبوونیان.

شەممە 17ـی ئایاری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی و لەسەر بانگهێشتی حکوومەتی ئەمەریکا، بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا، گەیشتە واشنتن.

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 19ـی ئایاری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ئەمەریکا، لە ڕێورەسمێکدا لە ژووری بازرگانیی ئەمەریکا لە واشنتن، سەرپەرشتی و چاودێريی ڕێوڕەسمی ئیمزاکردنی دوو ڕێککەوتننامەی گرنگی لە بواری وزەدا کرد.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment