وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا: ئیسرائیل بۆی نییە بڕیار بدات کێ نان بخوات و کێ نەیخوات

خۆسيه مانويل ئەلباريس بوينۆ، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا
خۆسيه مانويل ئەلباريس بوينۆ، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا

خۆسيه مانويل ئەلباريس بوينۆ، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا ڕایگەیاند: پێویستە بڕێکی زۆری هاوکاریی مرۆیی بگاتە کەرتی غەززە، بێ ئەوەی هیچ بەربەستێکی بۆ دروست بکرێت.

یەکشەممە 25ـی ئایاری 2025، خۆسيه مانويل ئەلباريس بوينۆ، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا ڕایگەیاند، ئیسرائیل بۆی نییە بڕیار بدات کێ مافی ئەوەی هەیە نان بخوات و کێ مافی ئەوەی نییە نان بخوات.

وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا ئاشکرای کرد، مەدرید میوانداریی 20 وڵات و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی دەکات بۆ ئەوەی جەنگی سەر غەززە ڕابگرن کە هیچ ئامانجێکی دیاریکراوی نییە.

خۆسيه مانويل ئەلباريس گوتی: لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، بیر لەوە بکەنەوە سزا بخەنە سەر ئیسرائیل، بۆ ئەوەی جەنگی سەر غەززە ڕابگرێت. دەشڵێت: داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین، تاکە ڕێگەیە بۆ گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیریی.

ماڵپەڕی ئێکسیۆس بڵاوی کردووتەوە، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هۆشداریی داوەتە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەوەی، ڕێگەگرتن لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە، بزووتنەوەی حەماس لاواز ناکات، بەڵکو وا دەکات ئیسرائیل هاوپەیمانەکانی لەدەست بدات.

بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە تا ئەمڕۆ، 53 هەزار 939 هاووڵاتیی فەڵەستینی بەهێرشەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە کوژراون، 122 هەزار و 797ـی دیکەش برینداربوون.

لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆش، سەباری هەوڵ و فشارە نێودەوڵەتییەکانیش، ئیسرائیل ئابڵوقەیەکی خستووەتە سەر کەرتی غەززە، قەیرانێکی گەورەی مرۆیی لە کەرتەکە دروست کردووە، بەشێوەکە چەند کەس بە بۆردوومانەکانی ئیسرائیل دەکوژرێن، ئەوەندی دیکەش لە برسییەتیدا دووچاری دۆخێکی خراپی تەندروستی دەبنەوە، بەتایبەتیش منداڵان کە ژمارەیەکی زۆریان بە بۆردوومانەکان کوژران و برینداربوون، هاوکات لە برساندا گیانیان لەدەستدا.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment