پێشەوا هەورامانی: بەرپرسانی بەغدا بەردەوام دەستووریان پێشێل کردووە
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دووپاتی کردەوە، عێراق ڕێز لە ڕێککەوتنەکان ناگرێت و بەردەوام پێشێلی دەستووری کردووە. دەشڵێت: ئەگەر پێش جەژن بەغدا مووچە نەنێرێت، ئەوا ئەو کات سەرکردایەتی سیاسیی هەرێمی کوردسستان لە ئاستی باڵا بڕیاری خۆی دەدات.
پێنجشەممە 29ـی ئایاری 2025، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداری لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد، پێشکەشی دەکات، گوتی: ئەم نووسراوەی وەزارەتی دارایی عێراق کە دژی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی دەری کردووە، شتێکی تازە نییە، کاری لەو شێوەیان دژی هاووڵاتییانی هەرێمەکە زۆر کردووە.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا، ئەم نووسراوەی وەزارەتی دارایی عێراق پێشیلی دەستوورە و، سەلمێنەری ئەوەشە کە وەزارەتەکە بڕوای بە دەستووری وڵاتەکە نییە و میزاجی خۆی کردووەتە بنەما بۆ بەڕێوەبردنی وەزارەتەکە.
هاوکات ڕایگەیاند: سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، لە یەکەم ڕۆژی دەست بە کاربوونیەوە لەم کابینەیەوە، گوتووێتی "خۆم دەچم بۆ بەغدا بۆ چارەکردنی کێشەکان"، چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا کردووە بۆ مەبەستی چارەکردنی کێشەکان.
جەختی لەوە کردەوە، لە قۆناغی زۆر قورستر و ئاڵۆزتر، سەرۆک وەزیران هەردەم لەگەڵ هاووڵاتییانی خۆی بووە، لەم قۆناغەش لەگەڵ هاووڵاتییان دەمێنێتەوە و بە دوای چارەسەردا دەگەڕێت.
هەورامانی، هەر لەبارەی نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراقەوە، دەڵێت: ئەو کارە هەم فشارە، هەم پێشێلکردنی مافی هەرێمی کوردستانە، هەروەها بەرپرسانی بەغدا هەمیشە پێشێلی دەستووریان کردووە.
سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، بەرپرسانی بەغدا هەمیشە رێز لە ڕێککەوتنەکان و واژۆکانیان ناگرن کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردوویانە، هەروەها هەمیشە ئەوەیان پشڕاست کردووەتەوە کە ڕێککەوتن و دەست لەناو دەست لەگەڵیان کاتیی دەبێت.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەشڵێت: ئەگەر ئەم سیاسەتی برسیکردنەی عێراق بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، ئەوا تەنیا بە کشانەوەی نوێنەرانی کورد لە بەغدا کۆتایی نایەت، بەڵکو بە دڵنیاییەوە حکوومەت و سەرکردایەتی سیاسیی کورد هەرگیز قبووڵی ناکەن.
لە درێژەی قسەکانیدا، هەورامانی، ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق لە ڕاستیدا بڕوای بە فیدراڵییەت نەماوە، تەنیا ماوە ئەو شتەمان بە ڕاستەوخۆ پێ بڵێن.
ڕاشیگەیاند: بڕیارەکانی عێراق دژی هەرێمی کوردستان، بە دڵنیاییەوە دەستی دەرەکیشی تێدایە، ئەگەرنا عێراق هێندە بەهێز نییە بڕیارەکانی بە تەنیا بدات.
لەبارەی کێشەکانی هەولێر و بەغدا، پێشەوا هەورامانی، گوتی: سەرکردایەتی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە ئاستی باڵا، دەستیان کردووە بە گفتوگۆ لەگەڵ بڕیاربەدەستدانی حکوومەتی فیدراڵ، بۆ چارەکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی.
هەورامانی، لەبارەی مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: ئەگەر پێش جەژن وەک نییەتپاکی بەغدا مووچەی مانگی پێنج نەنێرێت، ئەوا ئەو کات سەرکردایەتی سیاسیی کورد بڕیاری خۆی دەدات.
گوتیشی: مایەی دڵخۆشییە کە ئەمڕۆ فراکسیۆنە کوردستانییەکان پەیامێکی هاوبەشیان هەبوو و یەک دەنگ و یەکڕیز بوون، ئەمەش بەهێزترین کارتی فشارە دژی ئەو زووڵمانەی کە لە هەرێمی کوردستان دەکرێت.