حه‌ماس وه‌ڵامی پێشنیازه‌كه‌ی ویتكۆفی دایه‌وه‌

بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس ڕایگەیاند، وه‌ڵامی پێشنیازه‌كه‌ی نێرده‌ی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكای بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ باره‌ی ئاگربه‌ست، داوه‌ته‌وه‌.

شه‌ممه‌، 31ـی ئایاری 2025، بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی ڕایگه‌یاند، وه‌ڵامی پێشنیازه‌كه‌ی ستیڤ ویتكۆف، نێرده‌ی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكای بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له‌ باره‌ی ئاگربه‌ستی غه‌ززه‌ داوه‌ته‌وه‌ و وه‌ڵامه‌كه‌یشی گه‌یاندووه‌ته‌ نێوه‌ندگیره‌كان.

بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس ڕایگه‌یاندووه‌، وه‌ڵامه‌كه‌یان تایبه‌ته‌ به‌ ئاگربه‌ستی هه‌میشه‌یی له‌ غه‌ززه‌، كشانه‌وه‌ی سوپای ئیسرائیل له‌ كه‌رته‌كه‌ و گه‌ره‌نتیی گه‌یشتنی هاوكارییه‌ مرۆییه‌كان و ئازادكردنی ده‌ دیلی ئیسرائیلی و ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی 18 ته‌رم، به‌رانبه‌ر به‌ ئازادكردنی ژماره‌یه‌ك لە زیندانییه‌ فه‌ڵه‌ستینییه‌كان، كه‌ حه‌ماس و ئیسرائیل، له‌ سه‌ری ڕێك بكه‌ون.

هه‌ینی، 30ـی ئایاری 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز پێشنیازەکەی ئەمەریکای بۆ ئاگربەستی شەڕی غەززە ئاشکرا کرد و بڵاوی کرده‌وه‌، ئاگربەستەکە بۆ 60 ڕۆژ دەبێت، لە هەفتەی یەکەمدا، حەماس دەبێت 10 بارمتە ئازاد بکات و 18 تەرمی سەربازە کوژراوەکانی ئیسرائیل ڕادەست بکات، لە بەرانبەردا ئیسرائیل دەبێت هەزار و 236 زیندانی فەڵەستینی ئازاد بکات و 180 تەرمی زیندانییەکانیش ڕادەست بکاتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، پێشنیازەکەی ئەمەریکا لەلایەن وڵاتانی نێوەندگیر وەکوو میسر و قەتەر پشتگیریی دەکرێت و ئامادەییان دەربڕیوە، هەر کاتێک حەماس ڕێککەوتنەکەی ئیمزا کرد، دەستبەجێ هاوکارییە مرۆییەکان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی مانگی سووری نێودەوڵەتیی بگەیەنرێنە دانیشتووانی غەززە.

هەروەها ئەمەریکا بە سەرکردایەتیی حەماسی ڕاگەیاندووە، دوای ئەوەی شەڕ بۆ هەمیشە کۆتایی پێ هات، دەبێت 30 بارمتەی دیکەی ئیسرائیل ئازاد بکرێن، لە بەرانبەردا سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە کەرتی غەززە کۆتایی پێ دێنێت.

پێنجشەممە 29ـی ئایاری 2025، کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: بزووتنەوەی حەماس تا ئێستا بە پێشنیازەکەی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە بارەی ئاگربەستی غەززە ڕازی نەبووە.

گوتەبێژی کۆشکی سپی، ئاماژەی بەوە دا، ئیسرائیل ڕەزامەندیی لەسەر پێشنیازەکەی ستیڤ ویتکۆف، دەربڕیوە و بە ئاگربەست ڕازی بووە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment