وەزارەتی ناوخۆ: هەر کۆمپانیایەک بە نایاسایی کرێکاری بیانی بهێنێت، سزا دەدرێت

بەڕێوەبەری ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانە ڕێکخراوەییەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەر کۆمپانیایەک بە نایاسایی کرێکاری بیانی بهێنێتە هەرێمی کوردستان سزا دەدرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی حوزەیرانی 2025، دارا فاروق، بەڕێوەبەری ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانە ڕێکخراوەییەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند "90 کۆمپانیایی "وەهمی" هەبوون، ئێمە توانیمان هەموو ئەو کۆمپانیایە نەهێڵین، لەبەر ئەوەی تۆمار نەکرابوون و کاری هێنانی کرێکاری بیانیان دەکرد."

بەڕێوەبەری ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانە ڕێکخراوەییەکان لە وەزارەتی ناوخۆ، دەڵێت: ئێمە بەردەوام خول و ڕاهێنان و وانەی فێرکردن بۆ کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە دەکەینەوە.

دەشڵێت: ئێمە هەماهەنگیمان هەیە بەپێی یاسای خۆمان، چونکە لەو یاسایە بڕگەیەک هەیە باس لەوە دەکات، کە دەبێت هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی، حکوومی و ناحکوومی لەگەڵ دەزگاکانی دیکە هەبێت، تاکوو بتوانرێت وەکو تیم کاربکرێت لەسەر ئەو بابەتە.

ئاماژەی بەوەش دا، بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە ژمارە 28ـی ساڵی 2012، هێنانی کرێکار بە نایاسایی، تاوانی گەورەیە سزای پێبژاردنی تێدایە لەگەڵ بەندکردنی تاهەتایی و هەندێک حاڵەتیش هەیە دەگاتە سزای لە سێدارەدان.

دەشڵێت: زۆربەی ئەو کەسانەی بازرگانیان پێوەدەکرێت، ئاسیای و ئەفریقاییەکانن، کە وەک کرێکاری ناوماڵ دەیانهێنە کوردستان و بەڵێنی ئەوەیان پێ دەدەن کە دەیانبەنە دوبەی، ئیمارات، تورکیا یاخود ئەورووپا یان بە بیانووی ئەوەی پارەیەکی باشیان پێ دەدرێت، خۆیان لێرە دەبیننەوە.

دارا فاروق، ڕاشیگەیاند "ئەو بیانیانەی ڕزگارییان دەکەین، دەیاننێرینەوە بۆ وڵاتی خۆیان و زۆربەشیان لە ڕەگەزی مێین هەندێکی کەمیان نەبێت، لە ڕەگەزی نێرن."

 
 
Fly Erbil Advertisment