فەرەنسا داوا لە ئیسرائیل دەکات بە زووترین کات لە لوبنان بکشێتەوە

فەرەنسا بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر باشووری بەیرووت کرد و, داواشی کرد بە زووترین کات هێزەکانی ئیسرائیل لە تەواویی خاکی لوبنان بکشێنەوە.

هەینی 6ـی حوزەیرانی 2025، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، لە ڕاگەیەنراوێکدا، بو توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی شەوی ڕابردووی ئیسرائیلی بۆ سەر باشووری بەیرووت کرد.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، داوای لە ئیسرائیل کرد بە زووترین کات هێزەکانی لە تەواویی خاکی لوبنان بکشێنێتەوە و ڕێز لە ڕێککەوتنی ئاگربەست بگرێت.

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، جەختی لەوە کردەوە، کە میکانیزمی چاودێریکردن بە پێی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە شوێنی خۆی دایە، بۆ یارمەتیدانی لایەنەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان و ڕێگریکردن لە هەر پەرەسەندنێک کە دەتوانێت زیان بە ئاسایش و سەقامگیری لوبنان و ئیسرائیل بگەیەنێت.

وەزارەتەکە دووپاتی کردەوە، "هەڵوەشاندنەوەی پێگە سەربازییە بێ مۆڵەتەکان لەسەر خاکی لوبنان بە پلەی یەکەم بەرپرسیارێتی سوپای لوبنانە، کە لەلایەن هێزی کاتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان (یونیفێل) پاڵپشتی دەکرێت.

ئەو هێرشانەی دوێنێ شەوی ئیسرائیل، بۆ سەر کۆگایەکەی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حزبوڵڵا لە باشووری بەیرووت، بە توندوتیژترین هێرش هەژمار دەکرێت دوای ڕێککەوتننامەی ئاگربەستی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024.

هەروەها ئیسرائیل هەڕەشەی ئەوەی کردووە، ئەگەر حکوومەتی لوبنان ئەندامانی حزبوڵڵا لە چەک دانەماڵێت، ئەوا لە هێرشەکانی بەردەوام دەبێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment