شیعەکان خۆیان بۆ جەژنی غەدیر ئامادە دەکەن، سەدریش داواکاریی هەیە

بەبۆنەی جەژنی غەدیرەوە، موقتەدا سەدر داوای زیارەتی ملیۆنی بۆ شاری نەجەف دەكات.
جەژنی غەدیر، لای شیعەكان بە ڕۆژێکی پیرۆز دادەنرێت، گوایە لەم ڕۆژەدا پەیامبەری ئیسلام، ئیمامی عەلی وەک شوێنگرەوەی خۆی داناوە.
ئەم جەژنە، لای شیعەكان بە یەکێک لە گەورەترین جەژنەکان هەژمار دەکرێت. دەڵێن، لە ڕۆژی 18ی مانگی زیلحیجەی ساڵی 10ی کۆچی، پەیامبەری ئیسلام، بە فەرمانی خودا، عەلی کوڕی ئەبو تاڵیبی بە جێنشینی خۆی و ئیمامی موسڵمانان داناوە. ئەو پەیامەشی لە گوتارێکدا لەسەر کانیی "غەدیر خوم" کە دەکەوێتە نێوان مەککە و مەدینە، ڕاگەیاندووە؛ بەڵام سوننە مەزهەبەکان لەگەڵ ئەو تێڕوانین و شیکردنەوەیە نین. بۆیە ئەمە بووەتە بابەتێکی ناکۆکی نێوان سوننە و شیعەکان بەتایبەتی لە عێراقدا تا ئێستا بەردەوامە.
موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە لە پەیامێکدا داوا دەکات، 15ی ئەم مانگە واتە ڕۆژی یەکشەممە بەبۆنەی جەژنی غەدیرەوە، زیارەتی ملیۆنی بۆ شاری نەجەف ڕێک بخرێت و سەردانی مەزارگەی ئیمامی عەلی بکهن. سەدر دەشڵێت: زیارەتی ملیۆنی بۆ تۆڕەكردنی دۆژمنانە، لەوانە داگیركەران و ئەوانەی پەیوەندییەكان ئاسایی دەكەنەوە و گەندەڵكاران. جەختیش دەكاتەوە، پێویستە ئیمانداران لەو ڕۆژەدا سەردانی مەزارگەی ئیمام عەلی بكەن و پەیمان و بەیعەت نوێ بكەنەوە.
موقتەدا سەدر، بە پشتیوانی سەرەکی دانانی ڕۆژی غەدیر بە پشووی فەرمی لە عێراق دادەنرێت. سێ ڕۆژ پێش ئەوەی پەرلەمانی عێراق لە ڕۆژی 22ـی ئایاری 2024 یاسای پشووە فەرمییەکان پەسەند بکات، داوای پەسەندکردنی ئەو ڕۆژەی بە پشوو کرد، هەرچەندە سوننەکان پارێزبەندییان لەسەر ئەو ڕۆژە ھەبوو؛ بەڵام پەرلەمانی عێراق لەسەر داوای موقتەدا سەدر ئەو ڕۆژەی وەک پشووی فەرمی ناساند.
شیعەكان، جەژنی غەدیر بە ڕۆژی نوێکردنەوەی بەیعەتدان بە ویلایەتەکەی ئیمام عەلی و مەزهەبەکەیان دادەنێن. لەگەڵ زیادبوونی هەژموونی سیاسی و سەربازی پارتە شیعەکان، جیا لە عێراق غەدیر لە وڵاتانی سووریا، لوبنان و یەمەن مشتومڕی سیاسی و کۆمەڵایەتی دروست کردووە.