لاڤرۆڤ پێشنیازی گواستنه‌وه‌ی باره‌گای نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ شاری سۆچی ده‌كات

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا پێشنیازی گواستنه‌وه‌ی باره‌گای نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌كات له نیویۆركه‌وه بۆ شارێكی ڕووسی؛ ده‌شڵێت، پێشتر جۆزێف ستالین هه‌مان پێشنیازی كردووه.
دووشه‌ممه، 9ـی حوزه‌یرانی 2025، سێرگی لاڤرۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا له میانی به‌شداریی له "كۆڕبه‌ندی ئایینده 2050"، پێشنیازی كرد باره‌گای نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له شاری نیویۆرك له ئه‌مه‌ریكا بۆ شاری سۆچی له ڕووسیا بگوازرێته‌وه.
سێرگی لاڤرۆڤ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، پێشتر جۆزێف ستالین، سه‌رۆكی یه‌كێتیی كۆماره‌كانی سۆڤیه‌ت هه‌مان پێشنیازی كردووه، به‌ڵام به پێشنیازه‌كه‌ی فرانکلین ڕۆزڤێڵت، سەرۆکی ئەمه‌ریکا ڕازی بوو، سەرەتا باره‌گاكه له شاری لۆنگ ئایلەند، پاشان بۆ نیویۆرک، مانهاتن بێت.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا باسی له‌وه‌ش كرد، هه‌ر چه‌نده پێشنیاز ده‌كات، به‌ڵام جێبه‌جێكردنی پێشنیازه‌كه‌ی له‌م دۆخه‌دا ناواقیعییه، چونكه باره‌گاكه به ته‌واوه‌تی له ڕووی ستراكچه‌ر و پێداویستییه ماددییه‌كانی و ته‌نانه‌ت له ڕووی فه‌رمانبه‌رانیشه‌وه ته‌واو خۆی داكوتاوه، به شێوه‌یه‌ك فه‌رمانبه‌ران له شاره‌كه و له نزیك باره‌گاكه‌ی ئێستادا خانوو و شوقه‌یان كڕیوه و به كرێیان گرتووه، بۆیه هه‌ر هه‌وڵێكی له‌م شێوه‌یه، وه‌كوو كۆچی به كۆمه‌ڵ وایه و ته‌نانه‌ت بیرلێكردنه‌وه‌یشی قورسه.