محەممەد حەسسان: پێویستە پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر بنەمای دەستوور بێت

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، جەختی لەوە کردەوە، پێویستە هاوبەشی و لێکتێگەیشتنی زیاتر لە نێوان بەغدا و هەولێر هەبێت و، کێشەکانیشیان لەسەر بنەمای دەستوور چارە بکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 10ـی حوزەیرانی 2025، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لەبارەی دۆخی عێراق کۆ بووەوە.
محەممەد حەسسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق ناسراو بە (یۆنامی)، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا، عێراقی ئەمڕۆ هەمان ئەو عێراقەی 20 ساڵ لەمەوبەر نییە، ئەمڕۆ ئەمن و ئاسایش لە وڵاتەکە بەرقەرار بووە سەرەڕای ئاڵنگاری و بەربەستەکان.
لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە، دەڵێت: کۆمیسیۆن بە هاوکاری تەکنیکی یۆنامی بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیەوە، هەروەها کۆمیسیۆنەکە بەڵێنی داوە هەڵبژاردنێکی شەفاف بە بەشداریی هەموو عێراقییەکان بەڕێوە ببات.
لەبارەی پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێرەوە، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، ئاماژەی بەوە دا، پێویستە هاوبەشی و لێکتێگەیشتنی زیاتر لە نێوانیان هەبێت، هەروەها دەبێت بە گوێرەی دەستوور کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارە بکرێن.
هاوکات حەسسان باسی لە ئێزدییەکان کرد و گوتی: تا ئێستا 100 هەزار ئێزدی بەهۆی ئاسایینەبوونەوەی دۆخی ناوچەکانیان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان و، هێشتا لە کەمپەکانی عێراقدا ماون.
جەختی لەوە کردەوە، کە دەبێت حکوومەتی عێراق بە ڕژدی کار بکات و خێرا بێت لەوەی پلانێکی نیشتمانی پەسەند بکات، بۆ ئەوەی چارەیەکی ڕیشەیی بۆ کێشەی ئێزدییەکان بدۆزیتەوە و هیوا بۆ داهاتوویان بگەڕێنێتەوە.
گوتیشی: ئێزدییەکان لە عێراق زۆر زیانیان بەر کەوتووە بە شێوەیەک ناتوانم پێناسەی بکەم، بۆیە داوا لە عێراق و هەموو وڵاتانی دراوسێ دەکەم، کە هەموو ڕێککارەکان بگەرنەبەر بۆ ئەوەی ئێزدییەکان بپارێزرێن و، بە سەربەرزی، شکۆ و کەرامەتەوە بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان.