متمانەی ترەمپ بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران کەم بووەتەوە

ترەمپ گەشبین نییە بەوەی بتوانن بەم زووانە لەگەڵ ئێران، لەبارەی ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم ڕێک بکەون، بەڵام عراقچی، بە پێچەوانەی ترەمپ گەشبینە بەوەی بەم نزیکانە لەگەڵ ئەمەریکا دەتوانن ڕێک بکەون.
چوارشەممە 11ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا گوتی: لە ڕاستیدا وا بیر دەکەمەوە کە ئێران ڕازی نابێت لەسەر ڕاگرتنی پیتاندnی یۆرانیۆم، بۆیە متمانەم لەسەر ئەم پرسە کەم بووەتەوە.
بەڵام عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لەمیانەی پۆستێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، گەشبینی خۆی لە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمیی تاران دەربڕی.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، ترەمپ لە دوای دەستبەکاربوونیەوە بەردەوام جەختی لەوە کردووەتەوە کە ڕێگە بە ئێران نادات ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ نیازی ئێران و ڕەنگە بنەمای سەرەکیی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، پێک بهێنێت.
هاوکات پێی وابوو، گەیشتن بە ڕێککەوتنێک، کە ڕێگە بە ئێران دەدات بەردەوامی بە بەرنامەی ئاشتییانەی ئەتۆمیی بدات نزیکە و دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تارانیش ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو 15ـی حوزەیرانی 2025 دەست پێ دەکەنەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە مایكڵ کۆرێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا لە دانیشتنێکی لیژنەی خزمەتگوزاریی سەربازیی ئەمەریکا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەکە ڕایگەیاندبوو: لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران و بەردەوامبوونی پیتاندنی یۆرانیۆم، ئامادەن بە هێزێکی زۆرەوە وەڵامی ئێران بدەنەوە، تا ڕێگریی لەو وڵاتە بکەن چەکی ئەتۆمی هەبێت.
ئێران و ئەمەریکا لە 13ـی نیسانەوە پێنج گەڕی دانوستانیان کردووە، هەردوولا ئەنجامی دانوستانەکانیان بە ئەرێیی پێناسە کردووە. تاران بە مافی خۆی دەزانێت لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوام بێت، بەڵام ئیدارەی ترەمپ جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو کارە هێڵی سوورە.