فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لهبارهی گهشته ئاسمانییهكان ڕوونكردنهوه دهدات

ههینی، 13ـی حوزهیرانی 2025، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حكوومهتی ههرێمی كوردستان ڕاگهیهنراوێكی بڵاو كردهوه و تێیدا ئاماژهی بهوه كردووه، لە ئاکامی گرژییەکانی ناوچەکە، ئاسمانی عێراق داخرا و گەشتەکانی چوون و هاتن لە سەرجەم فڕۆکەخانەکان ڕاگیران، ئەمەش گرفتێکی زۆری بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەکانی ئیستانبوڵ دروست کرد کە بەشێوەی ترانزێت دەیانویست بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان و هاوکات ژمارەیەک لە حاجییان کە سەفەری حهجیان کردبوو، لە ڕێگەی گەڕانەوەیان لە فڕۆکەخانەی عەممان گیریان خواردووە.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە گوتووشیهتی، حکوومەتی هەرێم لە سۆنگەی پەرۆشی بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی خۆی، لە ڕێگەی پێکهێنانی لێژنەیەک لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەت و وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ هاووڵاتیان و لایەنە فەرمییەکانی ئەو وڵاتانەی هاووڵاتییان تێیدا گیریان خواردووە، لە پەیوەندیدایە بە مەبەستی جێبەجێکردنی ڕێکارەکان، تا بتوانین بە زووترین کات هاووڵاتیان بگەڕێنینەوە هەرێمی کوردستان.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە ئەرکی خۆی زانیوه بە هانای هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانهوه بچێت لە کاتی بوونی هەر کێشەو گرفتێک، وەک چۆن لە سەردەمی پەتای کۆرۆنا و لە کاتی ڕووداوە نەخوازراوەکان هەموو هەوڵێکی دا بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی ههرێمی كوردستان.
ههینی، 13ـی حوزهیرانی 2025، ڕاگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق تایبهت به کوردستان24 ڕایانگهیاند، بڕیار دراوه گهشته ئاسمانییهكانی عێراق تاوهكوو كاتژمێر 10:00ـی سهرلهبهیانی سبهی شهممه، به ههڵپهسێردراوی بمێنێتهوه.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاماژهی بهوهش كردووه، سبەی دوای كاتژمێر 10:00، هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکرێت کە ئایا ههڵپهساردنهكه بهردهوام دهبێت یاخود هەڵدەگیرێت و گهشته ئاسمانییهكان دهست پێ دهكهنهوه.
ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگی و هەڵدانی مووشەکەوە، بۆردومانی ئێرانی کرد و، دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیک و سەرکردە سەربازییەکانی کردە ئامانج.
مێدیاکانی ئێران گرتەی تەقینەوەکانیان بڵاوکردەوە، لە نێویاندا تەقاندنەوەی دامەزراوەی سەرەکی پیتاندنی یۆرانیۆمی نەتەنز، هاوکات ئیسرائیل باری نائاسایی لە وڵاتەکەی ڕاگەیاند، بەهۆی ئەوەی پێشبینی کردبوو کە ئێران لە ڕێگەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرش دەست پێدەکات و تۆڵە دەسێنێتەوە.