ماکرۆن بۆ ئیسرائیل و ئێران: دەست لە خەڵکی مەدەنی بپارێزن

ترەمپ لوتکەی گرووپی حەوتی جێهێشت و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساش، داوا لە هەردوو لایەنی ئیسرائیل و ئێران دەکات لە هێرشەکانیان بۆ سەر یەک، دەست لە خەڵکی مەدەنی بپارێزن.

دوای ئەوەی کارۆلاین لێڤێت، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ بەهۆی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زووتر کۆبوونەوەی گرووپی حەوتی بەجێهێشت و گەڕایەوە واشنتن؛ ئیمانوێک ماکرۆن ڕایگەیاند، ئەگەر ئەمەریکا بتوانێت ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و ئێران بکات، ئەمە کارێکی زۆر باش و گرنگ دەبێت.

ماکرۆن گوتیشی: هەوڵدان بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی ئێران لە ڕێگەی ‌هێزەوە، هەڵەیەکی ستراتیژییە و پێویستە هەرچی زووە هێرشی سەر خەڵکی سڤیل ڕابگیرێن.

هەروەها ڕایگەیاند، هەر لایەنێک بڕوای وابێت هێرشی مووشەکی وڵاتەکەی ڕزگار دەکات، ئەوە هەڵەیە.

لوتکەی گرووپی حەوت 2025، لە چیای ڕۆکی کەنەدا بەڕێوە دەچێت و ترەمپ بەر لەوەی لوتکەکە جێهێڵت ڕایگەیاند، بگەڕێتەوە واشنتن کارێکی گرنگ دەکات؛ بڕیاریشە لەگەڵ گەیشتنەوە بۆ واشنتن سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی وڵاتەکەی بکات، بۆ ئەوەی تایبەت بە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چارەنووسی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران بڕیارێک بدەن، کە چوار ڕۆژە شەڕی نێوانیان بەردەوامە.

 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment