وەزیری دەرەوەی بەریتانیا: نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاند: هێشتا دەرفەتی گەیشتن بە چارەی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران، لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ماوە، لە هەفتەکانی ئایینەدا بزانین چی ڕوودەدات.

بەرەبەیانی هەینی 20ـی حوزەیرانی 2025، دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە واشنتن کۆبووەوە.

باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە واشنتن، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، دایڤید لامی و ڕوبیۆ تاوتوێی جەنگی ئیسرائیل و ئێران، کەمکردنەوەی گرژی و پەرەسەندنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکەیان کرد.

لامی و ڕوبیۆ هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕاگەیاند، هێشتا دەرفەتی گەیشتن بە چارەی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران، لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ماوە و با بزانین لە هەفتەکانی ئاییندەدا چی ڕوودەدات.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment