ئێران لە پێناو ڕاگرتنی شەڕ، ڕەزامەندی لەسەر بەشێک لە داوکارییەکانی ئەمەریکا دەربڕیوە

لە پێناو ڕاگرتنی شەڕ، ئێران ڕەزامەندی لەسەر بەشێک لە داوکارییەکانی ئەمەریکا دەربڕیوە.
گەورە بەرپرسانی دیپلۆماسی ئەمەریکی بە ڕۆژنامەی ئیسرائیل هیومیان ڕاگەیاندووە، لەپێناو ڕاگرتنی شەڕ و هێرشەکانی سەریان، ئێران ڕەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنی بەشێک لە داواکارییەکانی ئەمەریکا دەربڕیوە.
بەگوێرەی ئەو بەرپرسە دیپلۆماسیانە، ئێران جەختدەکاتەوە پێویستە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەریان بوەستێت، دواتر دەتوانن دانوستان لەسەر داوکارییەکانی ئەمەریکا بکەن، هەرچەندە پێشتر ئەو داوکاریانەیان بەتەواوەتی ڕەتدەکردەوە.
پێشتر سەرۆکی ئەمەریکا پلانی سەربازیی بۆ لێدانی شوێنەکانی ئێران پەسەند کرد، کۆشکی سپی پشتڕاستی کردەوە، ترەمپ وادەی دوو هەفتەی داوە بە ئێران بۆ ئەوەی ڕێگە بە دیپلۆماسی بدات.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی ئێران، هاوکات ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زاناکانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی بە سەدان مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر تەلئەڤیڤ و حەیفا و چەندین باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون. و تا ئێستاش هێرشەکان بۆ سەر یەکتر بەردەوامە.