عێراق داوا لە ئێران دەکات بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ

وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەخت لە ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکاتەوە و دەڵێت: دیالۆگ تاکە چارەیە بۆ ڕێگریی لە پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکە.

شەممە، 21ـی حوزەیرانی 2025، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە پەراوێزی 51ـەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی لە ئیستانبوڵ، لەگەڵ عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆ بووەوە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، فوئاد حوسێن و عەباس عراقچی، باسیان لە کاریگەرییەکانی جەنگی ئیسرائیل و ئێران و کاردانەوەی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە کرد.

بە پێی ڕاگەیەنراوەکە، فوئاد حوسێن، جەختی لە پێویستی ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و پاراستنی خەڵکی سڤیل لە کاریگەرییەکانی پەرەسەندنی سەربازی کردووەتەوە.

هاوکات جەختیشی لە گرنگی چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان و گەڕانەوەی بەپەلە بۆ سەر مێزی دانوستان کردەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، دیالۆگ تاکە بژاردەیە بۆ چارەکردنی ناکۆکی و ڕێگریی لە پەرەسەندنی گرژییەکان.

ئەمڕۆ شەممە، 21ـی حوزەیرانی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکانی لە جنێڤی پایتەختی سویسرا، بۆ بەشداریی لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی، گەیشتە ئیستانبوڵ. 

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment