ئەو ئەمەریکیانەی ئیسرائیل جێدەهێڵن گەشتی تایبەتیان بۆ ڕێک دەخرێت

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە ئەمڕۆوە گەشتی گەڕانەوە بۆ ئەو هاووڵاتییە ئەمەریکییانە ڕێک دەخات کە دەیانەوێت ئیسرائیل جێ بهێڵن.
شەممە، 21ـی حوزەیرانی 2025، مایکل دێڵ هەکابی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئیسرائیل، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە ئەمڕۆوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گەشتی گەڕانەوە بۆ هاووڵاتییانی ڕێک دەخات کە دەیانەوێت بۆ سەلامەتیی خۆیان، ئیسرائیل جێ بهێڵن .
هەکابی، ئەمەریکاییەکانی دانیشتووی ئیسرائیل و کەناری ڕۆژئاوا، کە نیازی گەڕانەوەیان هەیە بۆ ئەمەریکا، ئاگادار کردەوە، دەبێت سەرەتا فۆرمێک لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پڕ بکەنەوە.
ئەم ڕاگەیەنراوە لە کاتێکدایە، کە ژمارەیەک وڵات داوایان لە هاووڵاتییانیان کرد کە ئیسرائیل چۆڵ بکەن، ئەمەش بەهۆی بارودۆخی ئەمنیی وڵاتەکە کە لە ئەنجامی جەنگی لەگەڵ ئێراندا ناسەقامگیر بووە.
ئەو وڵاتانەی کە داوایان لە هاووڵاتییانیان کردووە ئیسرایل جێ بهێڵن، بریتین لە؛ هۆڵەندا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، بولگاریا، ئێرلەندا، پۆڵەندا، کۆماری چیک، سلۆڤاکیا و چین.
The Department of State has begun assisted departure flights from Israel.
— Ambassador Mike Huckabee (@GovMikeHuckabee) June 21, 2025
If you are a U.S. citizen or Lawful Permanent Resident currently in Israel or the West Bank and seeking U.S. government assistance to depart, please complete this form so the Department of State can…
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.