پاپای ڤاتیکان: پێویستە دیپلۆماسی جێگەی شەڕ بگرێتەوە

پاپای ڤاتیکان لیۆی 14ـەم، ئاماژە بەوە دەکات، پێویستە دیپلۆماسی جێگەی شەڕ بگرێتەوە و هەموو ئەندامانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەرپرسیارێتی ئەخلاقییان لە ئەستۆ دایە.
یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، رۆبێرت فرانسیس پریڤۆست، پاپای ڤاتیكان (لیۆی 14ـەم) لەپەیامێكدا، ئاماژەی بەوە دا، پێویستە دیپلۆماسی جێگەی شەڕ بگرێتەوە.
پاپای ڤاتیكان گوتی: هەموو ئەندامانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەرپرسیارێتی ئەخلاقییان لە ئەستۆیە بۆ ڕێگریکردن لە شەڕ.
هەروەها باسی لەوەش کرد، هیچ سەرکەوتنێکی سەربازی ناتوانێت قەرەبووی ئازاری دایکانی خەمگین و ترسی منداڵ و داهاتووی لەدەستچوویان بکاتەوە.
پەیامی پاپای ڤاتیکان لەکاتێکدایە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی (فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان)ـیان لە ناوخۆی ئێران بۆمباران کرد.