ترەمپ: پێش هێرشەکانمان هیچ ماددەیەک لە بنکەی فۆردۆ نەگوازراوەتەوە

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند: هیچ شتێک لە بنکە ئەتۆمییەکەوە نەهێنراوەتە دەرەوە، چونکە زۆر مەترسیدارە و قورسە لەو ژێرزەمینەدا شتێک بگوازرێتەوە.
پێنجشەممە، 26ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند: ئەو ئۆتومبێلانەی لە دەوروبەری فۆردۆ بوون کرێکار بوون، پێش هێرشەکانمان هیچ ماددەیەک لە بنکەی فۆردۆ نەگوازراوەتەوە، چونکە قورسە و مەترسیدارە.
سەرۆکی ئەمەریکا گوتی: ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە دەورووبەری فۆردۆ بوون کرێکار بوون.
ئەمە لەکاتێکدایە هەر دوێنێ سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە دا، دۆناڵد ترەمپ، لە پەراوێزی لوتکەی ناتۆ، دوێنێ لە لاهای گوتی: هەفتەی داهاتوو لەگەڵ ئێرانییەکان گفتوگۆ دەکەین. ڕەنگە ڕێککەوتنێک بکەین لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە. گوتیشی: هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمەریکا بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی لەناوبرد و لە ڕوانگەی منەوە شەڕیان کردووە و شەڕەکە کۆتایی هاتووە.
بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهانـیان لە ئێران بۆمباران کرد.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبارەی هێرشەکەیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، ڕایگەیاند: هێرشە زۆر سەرکەوتووەکەمان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو کرد، کە بریتی بوون لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان.
گوتیشی: پیرۆزبایی لە جەنگاوەرە مەزنە ئەمەریکییەکانمان دەکەین، هیچ سوپایەکی دیکە لە جیهاندا نییە کە بتوانێت ئەمە بکات، ئێستا کاتی ئاشتییە.